رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمشەو بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەشتێکی ناوچەکە دەستپێدەکات و یەکەمین وێستگەی سەردانەکەشی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەبێت.
رۆژی هەینی، 24ی نیسانی 2026، ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات دەستپێدەکات و لەو چوارچێوەیەدا سەردانی پاکستان، عومان و رووسیا دەکات.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، عەباس عێراقچی ئەمشەو لە یەکەمین وێستگەی سەردانیدا دەگاتە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان و دواتر سەردانی هەریەکە لە مەسقەت و مۆسکۆ دەکات.
عێراقچی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، هەوڵەکان بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئاگربەست و دۆخی جەنگی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ عەباس عێراقچی لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا بە جیا لەگەڵ محەممەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان و عاسیم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتە لەبارەی دانوستاندنەکان، ئاگربەست و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە گفتوگۆی کرد.
چاوەڕوان دەکرا، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەبچێت، بەڵام شاندی هەردوو لایەن ئامادە نەبوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، شەوی سێشەممە و بەر لەوەی وادەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە کۆتایی پێبێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنە ئاگربەستی درێژکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ