رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، موجتەبا کیان، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، لە سێدارە دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵیی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێرانە رایگەیاند، موجتەبا کیان "دوای تێپەڕاندنی قۆناخە یاساییەکان و پشتڕاستکردنەوەی سزاکەی لەلایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە" سزای لەسێدارەدانەکەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
دەسەڵاتی دادی ئێران دەشڵێت، "سزاکە ئەم بەیانییە جێبەجێکراوە"، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی نەکردووە.
بەگوتەی دەسەڵاتی دادی ئێران. موجتەبا کیان لە کاتی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا – ئیسرائیل وێنەی شوێنی سەربازی و هەستیارەکانی بۆ دەرەوەی ئێران ناردووە.
هەر لە راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی دادی ئێراندا هاتووە، موجتەبا کیانی "دانی بەوەدا ناوە" لە کاتی پەیوەندی کردن بە کەناڵەکانی دەرەوەی ئێران ژمارەیەکیان پێداوە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات.
بەپێی دەسەڵاتی دادی ئێران، دادگاییکردنی موجتەبا کیان لە پارێزگای ئەلبورز و لە ماوەی کەمتر لە 50 رۆژ بەڕێوەچووە و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
لە مانگەکانی رابردوودا، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران، بەتایبەت لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە "تۆمەتی ئەمنی" و "سیخوڕی"ـیەوە هەیە، رووی لە زیادبوون کردووە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان لە زیادبوونی لە سێدارەدانەکان دەربڕیوە و دەڵێن، تەنیا ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تۆمەتی سیخوڕییان لەسەرە، بەڵکو بەشێک لەوانەی لەسێدارە دراون پەیوەندییان بە خۆپێشاندانەکانەوە هەبووە. ئەو رێکخراوانە، کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بەوەی سزای لە سێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی "ترس و تۆقاندن" لە ناو کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنێت.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە ئەم سزایانە لە چوارچێوەی یاساکانی وڵات و بۆ بەرەنگاربوونەوەی "هەڕەشە ئەمنییەکان" جێبەجێ دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ