رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ، دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیل بۆ ژنان بەزوویی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
عەلی زەینیوەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ 22ی تەممووزی 2026 لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بڕیاری حکومەت جێبەجێ دەکرێ و پرسە ئایینی و یاساییەکان سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل بە ژنان چارەسەر کراوە و هیچ رێگرییەکی یاسایی لە ئارادا نییە."
هەر لەم بارەیەوە زەهرا بەهرۆزئازەر، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان، رۆژی 21ی تەممووزی 2026 بە میدیای فەرمی ئێرانی رایگەیاند، "هیچ رێگرییەکی شەرعی و یاسایی لەبەردەم پێدانی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل بە ژنان نییە و بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە پێدانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل بە ژنان دەستپێبکات."
زەهرا بەهرووزئازەر ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت پاڵپشتی پەرلەمانیشی بەدەستهێناوە؛ زانا و پیاوانی ئاینیش رایانگەیاندووە کە رێگرییەک بۆ ئەم کارە نییە.
زەهرا بەهرووزئازەر گوتیشی، لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیسی هاتووچۆ قسەی کردووە و تەنانەت لە قۆناخی یەکەمدا وەک نموونە، مۆڵەتی لێخوڕینەکەش بۆ ژنان چاپ کراوە.
جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ژنان ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دۆخی جەنگەوە، پرۆسەی پێدانی مۆڵەتەکە دواکەوتووە.
بەهرۆزئازەر رەتیکردەوە کە ئەم بڕیارە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسا لە پەرلەمان هەبێت و رایگەیاند، رێکارەکان تەنیا پێویستیان بە بڕیار و رێنمایی کارگێڕی هەبووە کە جێبەجێ کراون؛گوتیشی، داوا لەو ژنە ماتۆڕسوارانە دەکەن کە خاوەن مەدالیان، وەک یەکەمین راهێنەر بەشدار بن لە فێرکردنی ژنانی دیکەدا.
پێشتر چەندین مەرجەعی باڵای ئاینیی شیعە لە ئێران رایانگەیاندبوو کە لێخوڕینی ماتۆڕسکیل لەلایەن ژنانەوە کارێکی پەسندکراو و گونجاو نییە. هەربۆیە پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رێگری لە پێدانی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل بە ژنان دەکرد. ئەم مۆڵەتنەدانە وایکردبوو ئەو ژنانەی ئارەزووی بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلیان هەبوو، بێ مۆڵەت شۆفێری بکەن.



