رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران بەشێوەی بنەڕەتی گەیشتوونەتە رێککەوتنێک کە تەنگەی هورمز دەکاتەوە و تێیدا ئێران پابەند دەبێت بە لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو. بەرپرسەکە گوتی، رێککەوتنەکە هێشتا واژۆ نەکراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنی کۆتاییە لەلایەن سەرۆک ترەمپ و رێبەری ئێرانەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە، رۆژی یەکشەممە 25-05-2026، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەو میکانیزمەی کە ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوی پێ لەنێو دەبات، هێشتا لەسەر مێزی دانوستاندندایە.
هەروەها رایگەیاند، رێککەوتنەکە باسی کۆگەی مووشەکیی ئێران ناکات و راگرتنی پیتاندنیشی تێدا نییە. بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتی، ئەو پرسانە لە دانوستاندنەکانی داهاتوودا باسیان لێوە دەکرێت. لە گەڕەکانی پێشووی دانوستاندنەکاندا، ئەمریکا هەوڵی بۆ بەڵێنێکی لانیکەم 20 ساڵە دابوو.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە هێشتا واژۆ نەکراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنی کۆتاییە لەلایەن سەرۆک ترەمپ و رێبەری ئێرانەوە، کە رەنگە چەند رۆژێکی پێبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ