ئێران
رزگارکردنی ژنێکی بەتەمەن لەناو داروپەردووی بینایەک کە بە بۆردوومانی ئەمریکا/ئیسرائیل خاپوور بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە پارێزگای تەورێزی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا 162 کەس لەو پارێزگایە بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیران لە پارێزگای تەورێز، دوایین ئاماری قوربانیانی شەڕی لەو پارێزگایە بڵاوکردەوە.
مەجید فەرشی رایگەیاند، "لە کاژێر 19:00ی ئێوارەی دووشەممە 23ی ئاداری 2026ـەوە تاوەکو کاژێر 19:00ی ئێوارەی سێشەممە 24ی ئاداری 2026، پێنج شوێنی سڤیلنشین لە پارێزگاکە کراونەتە ئامانج."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیران لە پارێزگای تەورێز ئاماژەی بەوە کرد کە "سێ ناوچەی سڤیلنشین لە شاری تەورێز، ناوچەیەکی سڤیلنشین لە شەبێستەر و یەکەیەکی بەرهەمهێنان لە شارۆچکەی پیشەسازیی "ئاخولا" کراونەتە ئامانج و تەنیا لەو هێرشانەدا 11 کەسی سڤیل کوژراون."
لەبارەی ئاماری گشتیی قوربانیان لە پارێزگاکە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیران لە پارێزگای تەورێز دەڵێت، "لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا 162 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کوژراون و هەزار و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون."
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە رۆژی 26ـەمەوە و گرژییەکانی نێوان هەردوو لایەن لە ناوچەکەدا هێشتا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ