گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا بۆ وڵاتانی ئیسلامی: ئەمریکا وەک مانگای شیردەر سەیرتان دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی هەرێمی دەکات و دەڵێت، "ئەمریکا تەنیا بۆ نەوت و گاز لە ناوچەکەیە و وەک مانگای شیردەر سەیری موسڵمانان دەکات."
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، لە گوتارەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و رەخنەی تووندی لە هەبوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند: "ئێمە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە، پێویستمان بە دەوڵەتێک نییە کە هەزاران کیلۆمەتر لێمانەوە دوور بێت."
 
زولفەقاری لە پەیامەکەیدا گومانی خستە سەر متمانەی وڵاتانی ناوچەکە بە ئەمریکا و گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ رووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل ببنەوە، ئایا ئەمریکییەکان یەک فیشەک بۆ بەرگری لە ئێوە دەتەقێنن؟ ئەوان ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لا گرنگترە لە وڵاتانی ئیسلامی."
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا وەک "مانگای شیردەر" سەیری وڵاتانی ناوچەکە دەکات و چاوی لەو سامان و نەوت و گازەیە کە لەژێر زەوییەکاندایە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، زولفەقاری باسی لە شکستەکانی رابردووی عەرەب کرد لە ساڵانی 1967 و 1973 بەرامبەر ئیسرائیل و گوتی، ئێران لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستەقینە"وە توانی ئەو وێنە وەهمییەی شکۆداریی ئەمریکا و ئیسرائیل بشکێنێت و ئەو خەونەی موسڵمانان بەدیبهێنێت کە مێژوویەکی درێژە چاوەڕێی دەکەن.
 
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، بانگەوازی بۆ دامەزراندنی "هاوپەیمانییەکی ئەمنی و سەربازیی گشتگیر" لە ناوچەکەدا کرد و رایگەیاند، ئەم یەکێتییە دەبێت بێ ئامادەبوونی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت. گوتیشی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دروستکردنی ئەم یەکێتییە ئەمنییە رادەگەیەنێت."
 
ئەو بانگەوازەی گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە کاتێکدایە، ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی وڵاتانی کەنداو، بە جۆرێک هەندێک لە چاودێران پێیانوایە بەردەوامبوونی ئێران لەسەر ئەو کارە، پاڵ بە وڵاتانی عەرەبیی کەنداوەوە دەنێت کە راستەوخۆ بچنە نێو جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لە دژی ئێران. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە