وەزیری دەرەوەی ئێران: هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی نەیاری و رایدەگەیێنێت، رێگە نادەن دووژمنەکانیان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن، دەشڵێت: "هەر ئاگربەستێک بێ گەرەنتی بێت، تەنیا سووڕێکی پووچە بۆ دووبارەبوونەوەی جەنگ."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتان رایگەیاند: "هیچ پاساوێک نییە رێگە بدەین دووژمنەکانمان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن. ئێمە تەنیا رێگەمان بەو وڵاتانە داوە کە وەک دۆستی خۆمان دەستنیشانمان کردوون، لەوانە چین، رووسیا، هیندستان، عێراق و پاکستان."
 
"ئێستا هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نییە"
 
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا باس لە دانوستان دەکرێت، ئەمەش بە واتای شکستی لایەنی بەرامبەر دێت و گوتی: "پێشتر باسیان لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج دەکرد، ئەی بۆچی ئێستا باڵاترین بەرپرسەکانیان بۆ دانوستاندن کۆکردووەتەوە؟ بەڵام ئێستا هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نییە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان ١٠٠٪ نین، بەڵکو ئەو گەرەنتییە خودیەی ئێران خۆی دروستی کردووە وایکردووە "کەس بوێری ئەوە نەکات جەنگ دژی گەلی ئێران دەستپێبکات."
 
"ئاگربەست بێ گەرەنتی، دووبارەکردنەوەی جەنگە"
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ، عێراقچی رایگەیاند: "ئاگربەستی بێ گەرەنتی، سووڕێکی پووچە و تەنیا جەنگ دووبارە دەکاتەوە. دەبێت دوژمن وانەیەک وەربگرێت کە هەرگیز بیری هێرشکردنە سەر ئێران نەکاتەوە و دەبێت زیانەکانی گەلی ئێرانیش قەرەبوو بکرێنەوە."
 
ئاشکراشی کرد کە زۆر لە وەزیرانی دەرەوەی ناوچەکە پەیوەندییان بە تارانەوە کردووە، بەڵام هەڵوێستی ئێران "بڕیارنامەیی و پتەو بووە."
 
"پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج"
 
عەباس عێراقچی باسی لە رۆڵی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییە کرد و گوتی: "پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهاتوون. ئێمە لەگەڵ هیچ وڵاتێکی ناوچەکە دوژمنایەتیمان نییە، بەڵام تەنیا ئەو پێگە و ناوەندانەی ئەمریکا دەکەینە ئامانج کە هێرشیان لێوە دەکرێتە سەر ئێران."
 
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم قۆناخەی جەنگی بە "خاڵێکی زێڕین لە مێژووی ئێران" ناوبرد و گوتی، وڵاتەکەی توانیویەتی رێگری لە ئامانجەکانی دوو زلهێزی ئەتۆمی بگرێت و نەیارەکانیان لە پارچەپارچەکردنی ئێران و تێکدانی یەکڕیزیی نەتەوەیی شکستیان هێناوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ساتی بۆردوومانێک بۆسەر تاران. وێنە: Getty Images

ناوەندی فەرماندەیی یەکەی فریاگوزاری لە تاران بە تەواوی وێران کراوە

بینای فەرماندەیی یەکەی فریاگوزاریی پۆلیسی ئێران لەسەر رێگەی "مەخسووس" لە تاران بە تەواوی خاپوور بووە. بۆردوومانەکە رۆژی 19ی ئەم مانگە کراوە بەڵام ڤیدیۆکان ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە