رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی 4"ـی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و دەڵێت، لە شەپۆلی هەشتایەمی هێرشەکاندا، ناوەندە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل و چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 25-03-2026 لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، لەژێر ناوی "یا شەدید ئەلقووە" زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر "ناوەندە سەربازییەکانی باکووری ئیسرائیل" کردووە. سپای پاسداران دەڵێت، ئەم هێرشانە بۆ پاڵپشتییە لە حیزبوڵڵا و خەڵکی باشووری لوبنان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوپای پاسداران ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئیسرائیلی لە شاری "سەفەد" کردووەتە ئامانج، کە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە باکووری ئیسرائیل. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە چەندین ئامانج لە (تەلئەڤیڤ، کریات شمۆنا و بنی براک) بە مووشەکی خاڵپێک و درۆنی بۆمبڕێژکراو پێکراون.
سوپای پاسداران دەڵێت تەنیا ئیسرائیلی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "بنکەکانی سوپای ئەمریکا"یان لە (عەلی ئەلسالم و عەریفجان لە کوێت، ئەلئەزرەق لە ئوردن و شێخ عیسا لە بەحرێن) کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە ئەمە تەنیا سەرەتای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنە و لەمەودوا "کۆبوونەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باکوور و کەرتی غەززە بەبێ هیچ تێبینییەک دەبنە ئامانجی هێرشە قورسە مووشەکییەکان."
سوپای پاسداران ئەم ئۆپەراسیۆنەی پێشکەش بە "محەممەد داڵوەند"، ئەو شۆفێری بارهەڵگرە کردووە کە لەم دواییانەدا کوژرا، و دەڵێت ئەم هێرشانە وەک وەفایەک بۆ ئەو و هەموو شۆفێرانی بارهەڵگر کراون.
لە 28ی شوباتەوە کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، سوپای پاسداران هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە. بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوی کردوونەتەوە، پاسداران رۆژانە زیاتر لە سێ هێرشی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ