سەرۆکی نوێنەرایەتیی خاچی سوور لە ئێران: بە زۆریی قوربانییانی سڤیل تووشی شۆک بووم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نوێنەرایەتیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ئێران نیگەرانیی خۆی لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و وێرانبوونی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان دەردەبڕێ و دەڵێ، دیمەنی تابووتی منداڵەکان "دڵتەزێنە."
 
ڤینسان کاسارد، سەرۆکی نوێنەرایەتیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ میدیای ئێران رایگەیاند، "بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر خەڵکی سڤیل و کەرتە خزمەتگوزارییەکان کەوتووە، تووشی شۆک بووم. دیمەنی وێرانبوونی قوتابخانەی کچانی میناب و تابووتی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان منی هەژاند."
 
کاسارد ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە تاوەکو ئێستا تەنیا لە تارانەوە شوێنەوارەکانی هێرشەکەی بینیوە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی لە تیمی مەیدانیی خۆیان و مانگی سووری ئێرانەوە پێیان گەیشتووە، "زۆر نیشانەی مەترسیدار و نیگەرانکەریان تێدایە."
 
سەرۆکی نوێنەرایەتیی خاچی سوور جەختی لە پێویستیی پاراستنی گیانی سڤیلەکان و ناوەندە تەندروستییەکان کردەوە و گوتی، "پێویستە هاووڵاتییانی سڤیل لە هێرشەکان بپارێزرێن، هەروەها دەبێت نەخۆشخانەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان پارێزراو بن. یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان لەمبارەیەوە زۆر روون و راشکاون."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ڤینسان کاسارد هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی کارمەندێکی مانگی سوور و برینداربوونی چەند کارمەندێکی دیکە لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکە مرۆییەکانیاندا دەربڕی و گوتی، "لەدەستدانی هەر کارمەندێکی فریاگوزاری، زیانێکی گەورەیە بۆ خێزانەکانیان و ئەو کۆمەڵگەیەی چاوەڕێی هاوکاریی ئەوانن."
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئەمڕۆ 25ی ئاداری 2026، ژمارەی قوربانییەکانی جەنگ لەنێو ئێراندا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەم شێوەیە:
 
کۆی گشتیی کوژران: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا دەڵێ، 3,268 کەس کوژراون.
 
قوربانیانی سڤیل: 1,443 کەسیان هاووڵاتیی سڤیل بوون کە لانیکەم 217یان منداڵ بوون.
 
ئاماری فەرمیی تاران: وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارە فەرمییەکانی خۆی بڵاوکردووەتەوە و باس لە کوژرانی 1,500 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 19,000 کەس دەکات.
 
زیانە سەربازییەکان: بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران، زیاتر لە 1,100 سەرباز و ئەندامی دیکەی هێزی چەکداری ئێران لە بەرە جیاوازەکاندا کوژراون.
 
زیانی مادی: زیاتر لە 67,000 ناوەندی سڤیل و زیاتر لە 600 قوتابخانە لە ئەنجامی بۆردومانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە یان خاپوور کراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە ناوچەیەکی تاران

چەند ناوچەیەکی تاران بە چڕی بۆردوومان کران

لە 24 کاژێری رابردوودا بۆردوومانی سەر چەند ناوچەیەکی تاران بەردەوام بوون، بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز دەبیسترێن و لە هەندێک شوێنیش دووکەڵی چڕ دەبیندرێت