رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە گومانی لێ دەکرێ هاوکاریی سوپای ئەمریکای کردبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هاتووە کە بۆ 6 مانگ لە رێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە چاودێریی وردی جووڵەی ئەو کەشتییە کراوە، دەرکەوتووە چەندین جار هاتووچۆی بەندەرەکانی ئەمریکای کردووە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییەکە بەهۆی "گوێنەدان بە هۆشدارییەکان" و ئەنجامدانی چەندین "سەرپێچیی دەریاوانی" لەلایەن هێزەکانیانەوە راگیراوە و دەستی بەسەردا گیراوە.
رووداوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 22-04-2026 سوپای پاسداران گوتی، دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە بە ناوەکانی (ئێم ئێس سی فرانسیسکا) و (ئیپامینۆنداس) کە ئەوەی یەکەمیان سەر بە ئیسرائیلە.
وەک سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، ئەو کەشتییانە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا نەبووە، "بە ئەنجامدانی سەرپێچیی بەردەوام و دەستکاریکردنی سیستمەکانی یارمەتیدەری رێدۆزی" ویستوویانە بە نهێنی بە رێڕەوە ئاوییەکەدا تێپەڕن.
سوپای پاسداران باسی لەوەش کرد، ئەو کەشتییانە بە مەبەستی پشکنینی بارەکانیان و سەیرکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان، گوێزراونەتەوە بۆ سنووری ئاویی ئێران.
سوپاکە لە راگەێیندراوەکەیدا هۆشداریی دا، "هەر هەنگاوێک بۆ تێکدانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئێران بۆ هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز رایگەیاندوون، هەروەها هەر چالاکییەک پێچەوانەی تێپەڕبوونی سەلامەتانە لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا بێ، بە تووندی و بەپێی یاسا رووبەڕووی سەرپێچیکاران دەبینەوە."
هەر لەو بارەیەوە سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان و دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە سێ کەشتیی گواستنەوەی کۆنتێنەر لە تەنگەی هورمز تەقەیان لێکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی (UKMTO)، کەشتییەکی گواستنەوەی کۆنتێنەر کە ئاڵای لیبێریای لەسەر بووە، لە باکووری رۆژهەڵاتی عومان بە رۆکێت و گوللە کراوەتە ئامانج و زیان بەر ژووری کاپتنی کەشتییەکە کەوتووە. کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاند، بەلەمێکی چەکداری سوپای پاسداران لێیان نزیک بووەتەوە و تەقەی لێکردوون، بەڵام سەرجەم ستافی کەشتییەکە سەلامەتن.
کاپتنی کەشتییەکە کە کۆمپانیایەکی یۆنانی بەڕێوەی دەبات، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهیچ شێوەیەک هیچ ئاگەدارکردنەوەیەکیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پێ نەگەیشتووە، لە کاتێکدا پێشتر پێیان راگەیاندبوون کە رێگەی تێپەڕبوونیان هەیە. بەڵام ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی دەڵێت، کەشتییەکە "هۆشدارییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی پشتگوێ خستووە."
لە رووداوێکی دیکەدا، کەشتییەکی دیکە هەمان رۆژ بە ئاڵای پەنەما لە دووریی 14 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای ئێران تەقەی لێکرا، بەڵام هیچ زیانێکی بەرنەکەوت. هاوکات کەشتییەکی سێیەمیش کە ئەویش ئاڵای لیبێریای لەسەربوو، لە کاتی چوونە دەرەوەی لە تەنگەی هورمز تەقەی لێکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ