رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە پێشنیازی ''گشتگیر''ـی تاران سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەگەیێنێتە لایەنی پاکستان.
ئەمڕۆ شەممە 25-04-2026، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسلامئاباد، دیدارێکی لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان هەبووە.
بەگوێرەی میدیاکە، عێراقچی وەڵامی تارانی بۆ پێشنیازەکانی عاسم مونیری لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا گواستووەتەوە.
میدیای ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو وەڵامەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە دەیگوازێتەوە بۆ لایەنی پاکستانی، ''گشتگیر''ـە و هەموو تێبینییەکانی تارانی سەبارەت بە دانوستاندن لەبەرچاو گرتووە.
پێشتر، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو کە سەردانەکەی عێراقچی بۆ پاکستان، پەیوەندیی بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکاوە نییە، بەڵکو گەشتێکی ناوچەییە و تەنیا دیداری لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە دەبێت.
دوێنێ شەو وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گەیشتووەتە ئیسلامئاباد و میدیای ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە.
شاندەکە لە لایەن محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و ژمارەیەک لە بەرپرسی دیکە پێشوازی لێکرا.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە پۆستێكدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، عێراقچی گەیشتووەتە ئیسلامئاباد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پێشهاتە هەرێمییەکان دەکات.
لە لایەکی دیکەوە کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەمڕۆ هەینی لە واشنتن دی سی بە پەیامنێرانی راگەیاند، سبەی شاندێکی ئەمریکا بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێ دەکەوێ.
لیڤیت گوتی، شاندەکە لە ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ پێکدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ