رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، سزای لەسێدارەدانی کەسێکی جێبەجێکردووە، کە لەکاتی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی وڵاتەکەدا، بە تۆمەتی ''ئاژاوەگێڕی'' دەستگیر کرابوو.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 25-04-2026، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان)، لەسێدارەدانی بەندکراوێکی بە ناوی (عیرفان کیانی) پشتڕاست کردەوە.
بەگوێرەی میزان، ئەو بەندکراوە لەکاتی خۆپێشاندانەکانی سەرەتای ئەم ساڵدا دەستگیر کرابوو و دەڵێت لە ''ئاژاوەگێڕی''ـیەکانی شاری ئیسفەهاندا دەستی هەبووە.
دەسەڵاتی دادای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، عیرفان کیانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە و 8ـی ئاداری ئەم ساڵ، ''بە تێکدان و سووتاندنی موڵکی گشتی و تایبەت و دروستکردنی ترس و تۆقاندن، هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئیسفەهانی داوە، کە دوای پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگە لەلایەن دیوانی باڵای دادوەرییەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە سێدارە درا.''
هەر بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی میزان، دۆسیەی 15 دەستگیرکراوی دیکەی خەڵکی ئیسفەهان یەکلایی کراونەتەوە کە بە ''تاوان''ـی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا سزای بەندکرانیان بۆ دەرچووە.
خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لە 28-12-2025 دەستیانپێکرد، بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.
دەسەلاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون سزای لە سێداردانیان بۆ دەرچووە و سزاکانیان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت.
لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، لانیکەم 11 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی پەیوەندیدار بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا لەسێدارە دراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ