ئێران: دوایین پێشهاتەکانی ئاگربەستی تاران و واشنتن لەگەڵ سوپاسالاری پاکستان تاوتوێ کرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە دیدارێکدا لەگەڵ سوپاسالاری پاکستان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە.
 
رۆژی شەممە، 25-04-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کە بە یاوەریی شاندێک لە ئیسلامئابادە، لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئاگربەست و کۆتاییهێنانی یەکجاری بە جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەباس عێراقچی و عاسم مونیر هاوئاهەنگییان بۆ ''بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری'' لە ناوچەکەش کرد.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی رۆڵی حکومەتی پاکستان و سوپاسالاری وڵاتەکەی کردووە لە بواری راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ؛ هەروەها روانگە و تێبینییەکانی تارانی لەبارەی ئاگربەست گەیاندووەتە ئیسلامئاباد.
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوپاسالاری پاکستان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ''بەردەوامیدان بە هەوڵە نێوەندگیرییەکان تاوەکو گەیشتن بە ئەنجام'' راگەیاندووە.
 
دوێنێ شەو، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گەیشتووەتە ئیسلامئاباد.
 
شاندەکە لە لایەن محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و ژمارەیەک لە بەرپرسی دیکە پێشوازی لێکرا. 
 
لە لایەکی دیکەوە کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی هەینی لە واشنتن دی سی بە پەیامنێرانی راگەیاند، رۆژی شەممە شاندێکی ئەمریکا بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێ دەکەوێ. 
 
لیڤیت گوتی، شاندەکە لە ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ پێکدێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە