رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە ئەگەر لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی وڵاتەکەی بەردەوام بێ، رووبەڕووی کاردانەوەی هێزە چەکدارییەکانی ئێران دەبێتەوە.
رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر سوپای ئەمریکا بەردەوام بێت لە گەمارۆدان، رێگری و چەتەی دەریایی، رووبەڕووی کاردانەوەی تووندی هێزە چەکدارەکان دەبێتەوە."
لە راگەیێندراوەکەی خاتەمولئەنبیادا هاتووە: "پێویستە ئەمریکا بزانێ کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزتر و ئامادەترن بۆ بەرگریکردن لە سەروەری خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. سوپای ئەو وڵاتەش بەشێک لەم دەسەڵات و توانا بەهێزەی لە شەڕی سەپێنراوی ئەم دواییەدا ئەزموون کرد."
خاتەمولئەنبیا دەڵێ: "ئێمە ئامادە و بەئیرادەین بۆ چاودێریکردنی رەفتار و جووڵەی دووژمن لە ناوچەکە و بەردەوامبوون لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی تەنگەی ستراتیجیی هورمز، هەروەها لە ئەگەری دەستدرێژیی دووژمنانی ئەمریکی- زایۆنی ئامادەین زیانی زیاتریان پێبگەیەنین."
لە 13ی ئەم مانگەوە ئەمریکا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێران سەپاندووە. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رۆژی هەینی 24-4-2026 رایگەیاند، گەمارۆکە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و لەو کاتەوەش 34 کەشتی گەڕێندراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ