رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخانی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج، بەڵام گیانی هاوکاریی نێوان خەڵک و حکومەت پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی خێراتر کردووە و دەڵێت: "ئێرانێکی شکۆمەندتر بونیات دەنێینەوە."
محەممەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران گوتی، هەرچەندە لە کاتی شەڕدا "دووژمن پردەکانمان و ژێرخانی وڵاتی رووخاند،" بەڵام نەیانزانی کە خەڵکی ئێران لە چاککردنەوەی ئەو وێرانکارییانەدا تەبا و یەکگرتووە.
محەممەد رەزا عارف باسی لە نموونەی هاوکارییە نێوخۆییەکان کرد و گوتی: "ئێستا بۆ ئاوەدانکردنەوە، کەرەستەفرۆشانی شار بە بەخشینی چیمەنتۆ هاتوونەتە پێش و گوندنشینانیش بە خۆبەخشی خەریکی کارن. ئەمە تەنیا بونیاتنانەوەی کۆنکرێت و پۆڵا نییە، بەڵکو نیشانەی راوەستانی گەل و حکومەتە شانبەشانی یەکدی."
ئەم لێدوانەی جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی درێژ کردووەتەوە.
چاوەکان لەسەر ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستانن. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەوێیە. هاوکات شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و بەشداریی جارێد کوشنەری راوێژکاری ترەمپ دەچنە پاکستان بۆ ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ پرسەکە تاوتوێ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ