رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، هاووڵاتییەک بە ناوی عەباس ئەکبەری بە تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی 2025 لە سێدارەدراوە.
ئاژانسی هەواڵیی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێرانە، ئەمڕۆ 25ی ئایاری 2026 بڵاویکردەوە، دوای تێپەڕاندنی قۆناخە یاساییەکان و پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە، لەسێدارەدانەکەی عەباس ئەکبەری جێبەجێ کرا.
بە گوێرەی دەسەڵاتی دادی ئێران، عەباس ئەکبەری لە کاتی خۆپیشاندان و گرژییەکانی کانوونی دووەمی 2025دا رۆڵی هەبووە لە هێرشکردنەسەر باڵەخانەی قایمقامییەتی شاری نائین لە پارێزگای ئیسفەهان و چەند ناوەندێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە شارەکە و تەنانەت تەقەیشی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی دادی ئێران، دوای پشتڕاستکردنەوەی سزاکە لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە، لەسێدارەدانەکەی بەیانیی ئەمڕۆ جێبەجێکرا، بەڵام ئاماژە بە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە نەکراوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە، دادگای شۆڕشی تاران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ 4 کەس لە خۆپیشاندەرەکانی ساڵی 2022 دەرکرد. ئەو کەسانە بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج بە ناوی ئارمان عەلیوەردی لە گەڕەکی ئیکباتانی تاران تۆمەتبارکراون.
دادگای شۆڕشی تاران سزای یەک تاوەکو پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج کەسی دیکەی دۆسیەکە بە تۆمەتی گردبوونەوە و بەشداری لە ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی نێوخۆیی وڵات و چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاند.
دادگای تاوانەکانی تاران پێشتر لەسێدارەدانی بۆ ئەم نۆ کەسە دەرکردبوو، بەڵام لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە تانەی لێدرا.
21ی ئایاری 2026 دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، لقی 13ی دادگای تاوانەکانی تاران، دوای پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا، سزای لەسێدارەدانی پێنج تۆمەتباری دۆسیەکەی هەڵوەشاندەوە و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن.
بە گوێرەی رێکخراوی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە 28ی شوباتەوە کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستی پێکرد، 36 کەس لە ئێران بە تۆمەتی گرێدراو بە بابەتی سیاسییەوە لە سێدارەدراون. رێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، دادگەییکردنی ئەو کەسانە دادپەروەری تێدا نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ