ئێران: لە هەولێر، تەلئەڤیڤ و حەیفا چەندین ئامانجمان پێکاوە و فڕۆکەیەکی ئەمریکیشمان خستووەتە خوارەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی سێ شەپۆلی نوێی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستەقینەی 4"، چەندین ناوەندی فەرماندەیی، بنکەی ئاسمانی و پێگەی ستراتیژیی ئیسرائیل و ئەمریکایان لە ناوچەکە و ناوخۆی ئیسرائیل مووشەکباران کردووە. دەشڵێت "لە هەولێر ناوەندەکانی پشتیوانیی ئەمریکامان پێکاوە."
 
ئیبراهیم زولفەقاری، ئاشکرای کرد، لە شەپۆلی 79، 80 و 81ی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، هێزی ئاسمانی و دەریایی سوپای پاسداران بە مووشەکی دوورهاوێژ و درۆنی بۆمبڕێژکراو، بەندەری ئیلات و وێستگەکانی مانگی دەستکردی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
 
پێکانی بنکەکانی ئەمریکا و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەک
 
زولفەقاری رایگەیاند، بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانە (ئەلعەزڕەق، شێخ عیسا، عەلی ئەلسالم و عەریفجان) کراونەتە ئامانج. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای پاسداران توانیویەتی فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-18ی ئەمریکا لە ئاسمانی ناوچەی (چابەهار) بخاتە خوارەوە.
 
مووشەکبارانکردنی هەولێر
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوە کرد کە لە 24 کاژێری رابردوودا، سوپای ئێران چەند شوێنێکی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بە مووشەک پێکاوە. زولفەقاری ئەو شوێنانەی بە "ناوەندی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و گرووپە جیاخوازەکان" ناوبرد و گوتی: "ئەو پێگانە ناوەندی گرنگی پشتیوانی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بوون."
 
ئامانجەکان لە ناوخۆی ئیسرائیل
 
بەپێی گوتەی زولفەقاری، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی، سوپای ئێران ناوەندی فەرماندەیی ئیسرائیلی لە شاری (سەفەد) پێکاوە. هەروەها جەختی کردەوە کە لە یەکێک لە شەپۆلەکانی هێرشەکەدا، زیاتر لە 70 خاڵی جیاواز لە (تەلئەڤیڤ، حەیفا، دیمۆنا، حەدێرا و کیریات شمۆنە) مووشەکباران کراون.
 
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە زیانە گیانی و داراییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم هێرشانەدا زۆرن، بەڵام "بەهۆی سانسۆری هەواڵەوە لە میدیاکاندا ناشاردرێنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە