رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ و پەککەوتنی نزیكەی تەواوەتیی ئینتەرنێت لە نێوخۆی ئێراندا، چالاکڤانانی دیجیتاڵی لە ئەمریکا و جیهان هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ گەیاندنی ئامێرەکانی ستارلینک دەستپێکردووە، تاوەکو رێگری لە دابڕانی گەلی ئێران لە جیهاندا بگرن.
سەرەڕای قەدەخەکردنی، سیستمی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک کە خاوەنەکەی ئیلۆن مەسکە، پێگەیەکی بەهێزی لەنێو ئێراندا پەیدا کردووە.
ئەمیلیا جەیمس، لە رێکخراوی (NetFreedom Pioneers) رایگەیاند، رێکخراوەکەیان تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 300 ئامێری گەیاندووەتە ناو ئێران.
ئەحمەد ئەحمەدیان، بەڕێوەبەری رێکخراوی (Holistic Resilience)، روونی کردەوە ئەوان ئامێرەکان لە ئەورووپا دەکڕن و لە رێگەی وڵاتانی دراوسێوە دەیانگەیەننە ناو ئێران.
رێکخراوەکەی ئەحمەدیان نزیكەی 200 ئالێری [ئەنتێنا] بە خۆڕایی بەخشیوە و کارئاسانیشی بۆ فرۆشتنی زیاتر لە 5,000 ئامێری دیکە کردووە لە رێگەی پەیوەندیکردن بە فرۆشیارە نهێنییەکانەوە.
نرخی ئامێرەکانی ستارلینک لە بازاڕی رەشدا گەیشتووەتە ئاستێکی خەیاڵی. لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی 2025 نرخەکەی نێوان 800 بۆ 1000 دۆلار بوو، ئێستا بەهۆی جەنگەوە گەیشتووەتە نزیكەی 4 هەزار دۆلار.
بە گوتەی ئەحمەدیان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرانبوونی نرخەکە، داخستنی تەنگەی هورمزە بەهۆی جەنگەوە، چونکە زۆربەی ئامێرەکان لە رێگەی رێڕۆ ئاوییەکانی باشوورەوە دەهاتنە ناو ئێران، ئێستا بەهۆی جەنگەوە گەیاندنیان زۆر سەخت بووە.
هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەحمەدیان مەزەندە دەکات، ئێستا زیاتر لە 50,000 ئامێری ستارلینک لە ناو ئێراندا چالاک بن. ئەمیلیا جەیمسیش دەڵێت، ژمارەکە "دەیان هەزار"ـە.
حکومەتی ئێران لە ساڵی 2025ـەوە سزای تووندی بۆ بەکارهێنەرانی ستارلینک داناوە و هەر کەسێک بگیریت رووبەڕووی زیندان دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئامێرەکە لە لایەن رێکخراوێکی ئەمریکییەوە نێردرابێت.
ئەمیلیا جەیمس ئاشکرای کرد، راپۆرتەکان نیشانی دەدەن لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەردەوام پشکنین بۆ سەر سەربان و باڵکۆنی ماڵەکان دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئالێرەکانی ستارلینک. هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەرپرسی یەکێک لە تۆڕە نهێنییەکانی فرۆشتنی ستارلینک لە لایەن تارانەوە دەستگیر کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ