رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکانی سەر تارانی پایتەخت و شارەکانی دیکەی ئێران، نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەوتووە؛ بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی وڵاتەکە، 12 نەخۆشخانە بەهۆی زۆریی زیانەکانیانەوە ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.
ئیسماعیل فەراهانی، جێگری بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تاران، لەبارەی زیانەکانەوە دەڵێت: " 23ی بنکەی فریاکەوتن و 21 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن زیانی بەرکەوتووە و 51 کەس لە تیمەکانی فریاکەوتن لە کاتی پێڕاگەیشتن بە بریندارەکان برینداربوون و یەکێک لە هاوکارەکانمان لە رۆژئاوای تاران شەهید بوو."
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی جنێڤ، هەروەها بەپێی یاساکانی جەنگ، هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە، کارمەندانی پزیشکی، ئەمبولانس و کەرەستەی پزیشکی بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.
سەبارەت بەم پێشێلکارییانە، ئەمیرحوسێن نەزەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی لە پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت: "نەخۆشخانەکان و پزیشکان هێمای ژیان و هیوان و هێرشکردنە سەریان بێبایەخکردنی سەرەتاییترین بنەما مرۆییەکانە. داواکاری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچیکاران و تەنانەت دوورخستنەوەیان لە مەکۆکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، داواکارییەکی لۆژیکییە بۆ پاراستنی متمانەی ئەو دامەزراوانە."
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. بەپێی ئامارەکانی مانگی سووری ئێران، 85 هەزار و 176 شوێنی سڤیل زیانیان پێگەیشتووە و 282 ناوەندی تەندروستی و چارەسەرکردنیش کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی کۆمەڵەی مانگی سوور، پارێزگای تاران زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و زۆرترین شوێنی مەدەنی تێیدا کراوەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ