میدیای وڵاتەکە: شەوی رابردوو ئێران بە فەرمی وەڵامی ئەمریکای داوەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو تاران بە فەرمی وەڵامی ئەو 15 خاڵەی داوەتەوە کە لەلایەن واشنتنەوە پێشنیاز کرابوون و ئێستا ئێران چاوەڕێی وەڵامی لایەنی بەرامبەر دەکات.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیای ئێران بڵاویکردوونەتەوە، تاران لە وەڵامەکەیدا کۆمەڵێک مەرجی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و راگرتنی شەڕ خستووەتەڕوو، کە گرنگترینیان بریتین لە:
 
- کۆتاییهێنان بەو هێرش و دەستدرێژییانەی ئێران بە "تیرۆر" ناوی دەبات. 
 
- دروستکردنی کەشێک کە گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەی شەڕ بکات.
 
- دیاریکردنی میکانیزمێکی روون و گەرەنتی کراو بۆ پێدانی قەرەبووی زیانەکانی شەڕ.
 
- راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، بە شێوەیەک کە هەموو ئەو گرووپانەی "بەرەی مقاوەمە" بگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا بەشدارییان کردووە.
 
هەروەها سەروەریی گەرووی هورمز، مەرجێکی سەرەکی تارانە بۆ ئەمریکا.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران لە وەڵامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەپاندنی سەروەریی تاران بەسەر "گەرووی هورمز"دا، مافێکی سرووشتی و یاساییە و دەبێت وەک گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەر بە فەرمی بناسرێت. ئەم مەرجانەی ئێران جگە لەو داواکارییانەن کە پێشتر لە دانوستانەکانی جنێف پێشکەشی کردبوون.
 
سەرەڕای ناردنی وەڵامەکە، ئێران گومانی زۆری لە نییەتەکانی ئەمریکا هەیە. سەرچاوەکەی میدیای ئێران دەڵێت: "بۆ ئێران روونە کە بانگەشەی ئەمریکا بۆ دانوستان، تەنیا پڕۆژەی فێڵی سێیەمە." بە گوتەی ئەو، ئەمریکا لە پشت پەردەی دانوستانەوە سێ ئامانجی سەرەکی دەپێکێت:
 
- نیشاندانی رووخسارێکی ئاشتیخواز لە خۆی بۆ خەڵکی جیهان.
 
- کەمکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
 
-کڕینی کات بۆ خۆئامادەکردن بە مەبەستی هێرشێکی نوێی زەوینی بۆ سەر باشووری ئێران.
 
ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ میدیای ئێران کردووە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای "شەڕی 12 رۆژە"، تاران متمانەی بە نییەتی ئەمریکا بۆ دانوستان نەماوە، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "ئەمریکییەکان هەم لە شەڕی 12 رۆژە و هەم لە شەڕی رەمەزاندا، لە کاتێکدا سەرقاڵی دانوستان بوون، هێرش و شەڕیان دەستپێکردووە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە