رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی بەلووچی جێبەجێکردووە، کە پێشتر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە رێکخراوە چەکدارییە سوننە مەزهەبەکان و ''بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران'' دەستگیر کرابوو.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 26-04-2026، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان)، لەسێدارەدانی بەندکراوێکی بەلووچی بە ناوی (عامر رامش) بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی میزان، ئەو بەندکراوە ئەندامێکی کارای (جەیشولعەدل) بووە، کە رێکخراوێکی چەکداریی سوننە مەزهەبە لە سیستان و بەلووچستان.
میزان ئاماژەی بەوەش کردووە کە عامر رامش لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی پیرسوهرابی سەر بە شاری چابەهاری سیستان و بەلووچستان دەستگیرکراوە، بە ''تاوان''ی بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و "چالاکیی تێکدەرانە و بۆمبڕێژکردنی رێگە" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
ئاژانسە هەواڵییەکەی دەسەڵاتی داد ئەوەشی خستووەتەڕوو، عامر رامش لەگەڵ چەند کەسی دیکە، چەندین جار بە پاڵپشتیی لایەنی دەرەکی، هێرشیان کردووەتە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هێزە ئەمنییەکان.
هاوکات دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، عامر رامش لەگەڵ مەولەوی عەبدولغەفار نەقشبەندییش لە پەیوەندیدا بووە کە بە یەکێک لە کەسایەتییە سوننە مەزهەبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە.
لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، لانیکەم 12 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی پەیوەندیدار بە ''بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران (بەغی)، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا'' لەسێدارە دراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ