هیواکان بۆ چارەسەری دیپلۆماسیی جەنگی ئێران کاڵ بوونەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هیوای چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران کاڵ بوونەتەوە، لە کاتێکدا وتووێژەکان کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگی 40 رۆژەی ئێران، وەستاون و تاران و واشنتۆن ئامادە نین مەرجەکانیان لەسەر لایەنی بەرامبەر نەرم بکەن.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی هەفتەدا بە دەستی بەتاڵ پاکستانی نێوەندگیری جێهێشت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانێکی پلان بۆ داڕێژراوی نێردراوەکانی خۆی، ستیڤ ڤیتکۆف و جارید کوشنەری بۆ ئیسلامئاباد هەڵوەشاندەوە، ئەمەش هیواکانی بۆ ئاشتی لاواز کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانی راگەیاندووە، تاران ناچێتە ناو "دانوستاندنی سەپێندراو" لەژێر هەڕەشە یان گەمارۆدا.
 
پزیشکیان گوتووشیەتی، دەبێت سەرەتا ئەمریکا "گەمارۆکانی" لابدات، لەوانەش گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران، پێش ئەوەی دانوستانکاران بتوانن هیچ زەمینەسازییەک بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان بکەن.
 
عێراقچی سەردانەکەی بۆ پاکستان بە "زۆر بەرهەمدار" وەسف کرد. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئێرانی لە ئیسلامئاباد رایگەیاند، تاران داواکارییە زۆرەکانی ئەمریکا قبوڵ ناکات.
 
ترەمپ لە فلۆریدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەو سەردانی نێردراوەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، لەبەر ئەوەی دانوستانەکان گەشت و خەرجییەکی زۆری تێدابوو تەنیا بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی لاواز لەلایەن ئێرانییەکانەوە. ترەمپ گوتیشی، دوای هەڵوەشاندنەوەی گەشتە دیپلۆماسییەکە، ئێران "پێشنیازی زۆری کرد، بەڵام بەس نەبوو."
 
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، ترەمپ نووسیویەتی، "ململانێی ناوخۆیی و سەرلێشێواوییەکی گەورە" لە ناو سەرکردایەتیی ئێراندا هەیە. لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە،  "هیچ کەس نازانێت کێ بەرپرسە، تەنانەت خۆشیان نایزانن. هەروەها هەموو کارتەکان بەدەست ئێمەیە و ئەوان هیچیان نییە! ئەگەر دەیانەوێت قسە بکەن، تەنیا ئەوەندەیە پەیوەندی بکەن."
 
تاران تاڕادەیەکی زۆر تەنگەی هورمزی داخستووە، کە لە بارودۆخی ئاساییدا یەک لەسەر پێنجی باری نەوت و گازی سرووشتیی شلکراوی جیهانی پیادا تێدەپەڕێت، لە کاتێکدا واشنتن هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی گەمارۆ داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە