رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە فەرمانی دەرکردووە کە تەنگەی هورمز ''بە هیچ شێوەیەک'' نەگەڕێتەوە دۆخی پێشوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-04-2026، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە تەنگەی هورمز کە لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل/ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئاستەنگی هاتووچۆی تێدا دروست بووە، رایگەیاند: ''ئێمە بە هیچ شێوەیەک تەنگەی هورمز ناگەڕێنینەوە دۆخی پێشوو، چونکە ئەوە فەرمانی رێبەری باڵایە.''
بەگوتەی عەلی نیکزاد، جەنگەکە 40 رۆژییەکە دەرخەری ئەوە بووە، ''ئەگەر ئێران تەنگەکانی هورمز و بابولمەندەب دابخات، ئەوە 25٪ی ئابووریی جیهان دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە.''
تەنگەی هورمز، شادەماری وزەی جیهانە و لەکاتی ئاساییدا رۆژانە پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی مەترسیی داخستنییەوە لە جەنگدا، نرخی نەوت و گاز بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
هەروەها تەنگەی بابولمەندەب دەریای سوور بە کەنداوی عەدەنەوە گرێدەدات، حوسییەکانی یەمەن کە بەشێکن لە بەرەی مقاوەمە لە دروستکردنی کێشە بۆ کەشتییەکان لە دەریای سوور ئەزموونیان هەیە و هەڕەشەی ئەوەش دەکەن کە دەتوانن ئاستەنگ بۆ تەنگەی بابولمەندەب دروست بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ