رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی ئێران (بونیادی شەهید) دەڵێت؛ لە جەنگە 40 رۆژیەکەدا زیاتر لە 3000 کەس کوژراون کە 45%یان خەڵکی سڤیلن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی نیسانی 2026 جەمشید نەزمی، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی ئێران رایگەیاند، "بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان سێ هەزار و 468 کەس شەهید بوون. لەو ژمارەیە 45٪ واتە هەزار و 460 کەسیان خەڵکی سڤیلن و کەسانی سەربازی نین."
هەروەها بۆ یەکەم جار ژمارەی سەرباز و کارمەندە ئەمنییە کوژراوەکان بڵاوکرایەوە.
فەریدە ئەولادقوباد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهدانی ئێران رایگەیاند، "2008 شەهیدی سەربازیمان هەن، لەوانە شەهیدانی کەشتیی دەنا کە بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕی ئاشتیی میلان چووبوون، لەکاتێکدا پڕ چەکیش نەبوون، ستەملێکراوانە شەهید کران."
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026 دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ـی نیسان واشنتن و تاران بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشاندا.
رۆژی 11ی نیسانی 2026، دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستیانپێکرد، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن.
رۆژی هەینی 24ی نیسان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ئیسلامئاباد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان، شەوی شەممە بەرەو مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێکەوت.
بڕیار بوو هاوکات لەگەڵ شاندی ئێرانی، شاندێکی ئەمریکیش سەردانی ئیسلامئاباد بکات، بەڵام ترەمپ لە فلۆریدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەردانی نێردراوەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، لەبەر ئەوەی دانوستاندنەکان گەشت و خەرجییەکی زۆری تێدابوو تەنیا بۆ تاوتوێکردنی ''پێشنیازێکی لاواز'' لەلایەن ئێرانییەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ