رووداو دیجیتاڵ
هەواڵگریی سوپای پاسداران لە تاران رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا 103 کەسیان بە تۆمەتی کارکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستگیرکردووە، کە بە گوتەی ئەوان پلانیان بۆ تێکدانی ژێرخانی کارەبا و هێرشی چەکداری هەبووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەو دەزگا هەواڵگرییە، کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، شانەیەکی چوار کەسی دەستگیرکراون کە ویستوویانە کردەوەی تێکدەرانە لە ژێرخانی تۆڕی کارەبای تاران بکەن. هەروەها گرووپێکی دیکەی چوار کەسی کە بە سەر بە رەوتی "پاشایەتیخواز" وەسفکراون، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی پشێوی و نائارامی لە شەقامەکاندا دەستگیرکراون.
هەواڵگریی سوپای پاسداران لە تاران دەڵێت، پێنج چەکدار کە ویستوویانە هێرش بکەنە سەر بازگەکانی پشکنین، کەوتوونەتە تەڵەی زانیاریی ئەندامانی دەزگاکەیان و دەستگیرکراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێکاری پێویست بەرامبەر 90 کەس گیراوەتەبەر کە تاران بە "نیشتمانفرۆش" وەسفیان دەکات و تۆمەتبارن بەوەی "شوێن و ناونیشانی ناوچە هەستیارەکان و وێنەی شوێنی هێرشەکانیان" بۆ میدیاکانی دەرەوە ناردووە.
لە 28ی شوباتەوە کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەردەوامن لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گوایە هاوکاری "دووژمن" دەکەن. هەروەها ئینتەرنێت لەسەر هاووڵاتیان بڕاوە و تەنیا بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەت و میدیاکانی حکومەت و پاسداران دەستیان بە ئینتەرنێت رادەگات.
جگە لە دەستگیرکردنەکان، دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە رووبەڕووی 16 خاوەن ئامێری ئینتەرنێتی ستارلینک و 400 کەس بوونەتەوە، کە سەرقاڵی فرۆشتنی "فیلتەرشکێن و ئامرازەکانی تێپەڕاندنی سانسۆری ئینتەرنێت" بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ