رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، کەشتییەکی دیکەی ئێرانیان ناچار کردووە بگەڕێتەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران، بەوەش ژمارەی ئەو کەشتییانەی لەدوای گەمارۆی تەنگەی هورمز دا رێگرییان لێ کراوە گەیشتە 37 کەشتی.
لەدوای شکستی خولی یەکەمی دانوستاندنەکانی پاکستان لە 13ـی نیسان، ئەمریکا گەمارۆی تەنگەی هورمزی جێبەجێکرد بە ئامانجی کەمکردنەوەی داهاتی نەوتی ئێران؛ ئەو داهاتەی بەرپرسانی ئێران دەڵێن، لەدوای سەرهەڵدانی جەنگەوە زیادی کردووە.
سەید ئیحسان قازیزادە، ئەندامی پەرلەمانی ئێران، لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەم ماوەیە دا ئێران توانیویەتی ئەو نەوتەی لە دەریا هەیبووە یان کۆگا کراوە لەسەر کەشتییەکان لە نزیک وڵاتانی دیکە، بە نرخی زیاتریش بیفرۆشێت. ئێمە ئەو نەوتەی کە لە بودجە دامان نابوو نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بوو بە نرخی تێکڕای 54 دۆلار. پێشتر کە نەوتمان دەفرۆشت بە داشکانەوە دەمانفرۆشت. ئێستا بە نرخێکی زۆر بەرز دەیفرۆشین، نرخەکەی ئەو نرخە نییە کە لە پێوەرە جیهانییەکان دا وەک برێنت یان پێوەری ئۆپێک دانراوە. نرخەکەی زۆر بەرزترە."
سەرەڕای سزا نەوتی و بانکییەکان، پێش جەنگ، ئێران رۆژانە 1.68 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد و رۆژانە نزیکەی 115 ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوت. تەنیا لە مانگی شوبات دا هەناردەکردنی نەوتی بۆ 2.17 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا بەرز کردەوە و نزیکەی 190 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەنێو دەریا کۆگا کرد.
مالیک شەریعەتی، ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "تەنگەی هورمز بە شێوازی نوێ بەڕێوە دەبردرێت. ئەگەر ئەم دەستکەوتە بۆ خۆمان بپارێزین کە واش بووە و هەواڵەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هەندێک پارەش هاتووەتە بانکی ناوەندی، خودی ئەم رووداوە بە کردەیی گەمارۆ نەوتی و بانکییەکانی ئەمریکای هەڵوەشاندووەتەوە."
لە نێوان 15ـی ئادار بۆ 14ـی نیسان، ئێران 55.22 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و لانیکەم 4.97 ملیار دۆلاری دەست کەوتووە، کە 40% زیاترە لەوەی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە مانگانە دەستی دەکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ