عێراقچی واشنتن بە شکستهێنانی دانوستاندنەکان تۆمەتبار دەکات؛ پووتین بەڵێنی هاوکاری دەدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی سەردانەکەی بۆ رووسیا، واشنتنی بە بەرپرسیار زانی لە شکستهێنانی دانوستاندنەکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هاوکات ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیا بەڵێنی پشتگیریی مۆسکۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێدا.
 
رۆژی دووشەممە 27-04-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سان پیتەرسبێرگ، کە چوارەم وێستگەی گەشتە دیپلۆماسییە خێراکەیەتی، رایگەیاند: "سیاسەتەکانی ئەمریکا و داواکارییە زیادەکانیان بووەتە هۆی ئەوەی خولی پێشووی دانوستاندنەکان، سەرەڕای هەبوونی پێشکەوتن، نەگەنە ئامانجەکانیان."
 
ئەم لێدوانانەی عێراقچی دوای ئەوە دێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشتی نێردراوەکانی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەری بۆ ئیسلامئاباد هەڵوەشاندەوە. ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، ئەگەر ئێران دانوستاندنی دەوێت "دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن،" ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە بە واتای گەڕانەوە بۆ دووژمنکاری نایەت.
 
لەلایەکی دیکەوە، ڤلادیمیر پووتین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عێراقچی پابەندیی وڵاتەکەی بە "پەیوەندییە ستراتیژییەکانی" نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە و گوتی: "لە لایەن خۆمانەوە، هەرچییەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێوە و بەرژەوەندیی تەواوی گەلانی ناوچەکە بکات دەیکەین، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئاشتی بەدی بێت."
 
لە ئاماژەیەکدا بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییە نا فەرمییەکان، ئاژانسی (فارس) بڵاویکردەوە، ئێران لە رێگەی پاکستانەوە "نامەی نووسراو"ـی ئاراستەی ئەمریکییەکان کردووە و تێیدا هێڵە سوورەکانی خۆی لەبارەی پرسە ئەتۆمییەکان و گەرووی هورمز دیاریکردووە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم نامانە بەشێک نین لە دانوستاندنە فەرمییەکان.
 
هاوکات ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئێران پێشنیازێکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ناردووە، کە تێیدا جەخت لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەکاتەوە، لە بەرامبەردا دانوستاندنە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناخێکی دیکە دوابخرێن. ئاژانسی (ئیرنا)ـی فەرمیی ئێران ئاماژەی بەم راپۆرتە کردووە بەبێ ئەوەی رەتی بکاتەوە.
 
لە ناوخۆی ئێرانیش، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، پڕۆژەیاسایەک بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز ئامادەکراوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکاتە لایەنی سەرپەرشتیار و دەبێت داهاتە داراییەکانی ئەو گەرووەش بە "تمەن"ـی ئێرانی بدرێن.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەنوەر قارقاش، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئیمارات، رۆژی دووشەممە رەخنەی لە هاوپەیمانەکانی لە کەنداو گرت بەرامبەر بەوەی بە "وەڵامی لاواز" بۆ هێرشەکانی ئێران وەسفی کرد و رایگەیاند، سیاسەتی ساڵانی رابردووی جڵەوگیرکردنی تاران "بە شکستی گەورە" کۆتاییهاتووە و ئێستا پێویستیان بە هەڵسەنگاندنەوەیەکی گشتگیر هەیە.
 
سەبارەت بە رەوشی لوبنانیش، سەرەڕای ئاگربەست، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوامە. نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی دووشەممە دانوستاندنی ڕاستەوخۆی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بە "گوناهێکی گەورە" وەسفکرد و گوتی حیزبوڵڵا لێی پاشگەز نابێتەوە. 
 
دوای ماوەیەکی کەم لەم لێدوانە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەستی بە بۆردوومانکردنی "ژێرخانی حیزبوڵڵا لە دەشتاییەکانی بیقاع" و باشووری لوبنان کردووە. لە بەرامبەردا، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە وەڵامی نەعیم قاسمدا گوتی: "ئامانجم گەیشتنە بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل. ئەوەی دەیکەین ناپاکی نییە، بەڵکو ناپاکی لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت کە وڵاتەکەیان دەبەنە ناو جەنگ بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی بیانی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

ئێران بۆ ئاگربەست و دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا راوێژ لەگەڵ رووسیا دەکات

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە سان پترسبۆرگی رووسیا و بڕیارە پرسەکانی ئاگربەست و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات و چاویشی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بکەوێت.