رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی ناوچەیی ئاگادار لە پێشنیازەکەی ئێران رۆژی دووشەممە 27-04-2026 رایانگەیاند، ئێران پێشنیازی کۆتاییهێنان بە داخستنی تەنگەی هورمز دەکات، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات. ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە رووسیایە و دەڵێت، سەردانەکەی دەرفەتێکە بۆ راوێژکردن لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە جەنگی دژی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەو دوو بەرپرسە دەڵێن، ئێران هەروەها دەیەوێت ئەمریکا کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنێت کە خستوویەتە سەر وڵاتەکەی وەکو بەشێک لە پێشنیازەکە.
پێشنیازە نوێیەکە، لەلایەن پاکستانەوە گەیێندراوەتە ئەمریکا، پێناچێت لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پشتگیری بکرێت، چونکە ترەمپ دەیەوێت کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بهێنرێت وەکو بەشێک لە رێککەوتنێکی گشتی بۆ دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز و ئاگربەستی هەمیشەیی.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە 26-04-2026 بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، "هەموو کارتەکان لای ئێمەیە، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت قسە بکەن، دەتوانن بێنە لای ئێمە، یان دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."
پووتین و عێراقچی کۆدەبنەوە
ئاژانسی هەواڵیی ئیرنای فەرمیی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەیانیی رۆژی دووشەممە لە سانت پێترسبێرگ لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە. سەردانەکەی عێراقچی لە کاتێکدایە، چەقبەستوویی نێوان ئێران و ئەمریکا لە تەنگەی ستراتیژیی هورمزدا سەرەڕای ئاگربەست، بەردەوامە؛ ئەوەش نرخی نەوتی بە بەرزی هێشتووەتەوە.
عێراقچی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئیرنا گوتی، "ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئێمە، تاوەکو راوێژ لەگەڵ هاوڕێ رووسەکانمان بکەین سەبارەت بەو پێشهاتانەی لە پێوەندی لەگەڵ جەنگەکەدا لەم ماوەیەدا روویانداوە و ئەوەی ئێستا روودەدات."
چاوەڕێ دەکرا گفتوگۆکان لە ئیسلاماباد بن، پاکستان هەوڵی دا گفتوگۆکان نێوان ئێران و ئەمریکا زیندوو بکاتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری کردووە دەکرێت گفتوگۆکان لە رێگەی تەلەفۆنەوە بکرێن.
لەوبارەوە عێراقچی رایگەیاند شێوازی مامەڵەی ئەمریکا بووەتە هۆی "دواکەوتنی دانوستاندنەکان."
ئەو گوتی: "گەڕی پێشوو، سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی بەدەستهاتبوون، نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت."
لەنێوان داوای واشنتن و تاراندا
ترەمپ پرسی دەسەڵات لە ئێران دەوروژێنێ کە کێ لە ئێران بەرپرسە و رایگەیاند سەرلێشێواوی لە نێو سیستەمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەدا گەیشتن بە رێککەوتنی قورس کردووە.
کۆشکی سپی هەفتەی رابردوو رایگەیاند نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر دەنێرێتە ئیسلاماباد بۆ گفتوگۆکان بەڵام عێراقچی رۆژی شەممە پایتەختی پاکستانی بەجێهێشت، و کەمێک دوای ئەوە ترەمپ رایگەیاند شاند نانێرێت بەهۆی نەبوونی پێشکەوتن لەگەڵ ئێراندا.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە فۆکس نیوزی گوت، "ئەگەر بیانەوێت، دەتوانین قسە بکەین بەڵام ئێمە خەڵک نانێرین." پێشتریش لە ترووس سۆشیاڵ نووسیبوی، "هەموو ئەوەی پێویستە بیکەن تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییە!!!"
دواتر عێراقچی گەڕایەوە ئیسلاماباد، هەروەها سەردانی مەسقەتی پایتەختی عومانی کرد، پێش ئەوەی رووسیا بەڕێبکەوێت، هەروەها رۆژی یەکشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتاکانی لە قەتەر و سعودیە قسەی کرد.
تەنگەی هورمز لە چەقی گفتوگۆکانی ئێران دایە
لە عومان چەقبەستووییەکە لە تەنگەی هورمزدا بەردەوامە، ئەو تەنگەیەی یەک لەسەر پێنجی هەموو بازرگانیی نەوت و گازی سروشتی بە شێوەیەکی ئاسایی پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئێران گەرووەکەی داخستووە و گەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکانیش لەلایەن ئەمریکاوە بەردەوامە.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە بەرمیلێک نەوت لە دەوروبەری 107 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەدەکرا، لەکاتێکدا پێش دەستپێکردنی جەنگ 72 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک، نرخی نەوت لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە بە بەردەوامی بەرزبووەتەوە و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کەنداودا گیریان خواردووە و ناتوانن بە سەلامەتی بە تەنگەکەدا تێپەڕ بن و بگەنە خاڵەکانی دابەشکردنی لە جیهاندا.
کاریگەرییە ئابوورییەکان دوای دوو مانگ لە جەنگەکە روو لە زیادبوونە، چونکە نەک تەنیا گواستنەوەی جیهانیی نەوت، بەڵکو گاز، پەین و پێداویستییەکانی دیکەش ناگەنە وڵاتان.
بەگوتەی بەرپرسێک، ئێران دەیەوێت عومان رازی بکات بۆ پشتگیریکردنی میکانیزمێک تاوەکو باج لەو کەشتیانە وەربگیرێت بە تەنگەکەدا تێپەڕ دەبن، وەڵامی عومان هێشتا روون نییە.
ئەو بەرپرسە، کە بەشدارە لە هەوڵەکانی نێوەندگیری، هەروەها گوتی ئێران پێداگری دەکات لەسەر کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی ئەمریکا پێش هەر گفتوگۆیەکی نوێ، پاکستانیش هەوڵ دەدات ئەو بۆشایییە گەورەیەی لە نێوان هەردوولادا هەیە پڕ بکاتەوە.
ترەمپ هەفتەی رابردوو ئاگربەستەکەی بۆ کاتێکی نادیار درێژکردەوە کە ئەمریکا و ئێران لە 7ی نیساندا لەسەری رێککەوتبوون، ئاگربەستەکە بەردەوامە، بەڵام رێککەوتنی هەمیشەیی لە جەنگێکدا هەزاران کەسی تێدا کوژراوە و ئابووریی جیهانی هەژاندووە، هێشتا بەدی نەهاتووە، ، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە 25-4-2026 رایگەیاندبوو، "هەر گفتوگۆیەک بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەبێت و بەرپرسانی پاکستان وەک نێوەندگیر رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەوەش رەنگدانەوەی وریایی تارانە دوای ئەوەی گەڕەکانی پێشووی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵدا بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆتایی هاتبوو.''
هەروەها فەرماندەیی هاوبەشی سەربازیی ئێران رۆژی شەممە 25-4-2026 هۆشداریدا، "ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە کردەوە سەربازییە شەڕانگێزەکانی، لەوانەش گەمارۆ دەریایییەکان، چەتەیی و رێگری"، رووبەڕووی "وەڵامێکی تووند" دەبێتەوە، لە بەرامبەردا ترەمپ هەفتەی رابردوو فەرمانی بە سوپا کرد تەقە لەو بەلەمانە بچووکانە بکەن رەنگە مین لە رێڕەوە ئاوییەکەدا دابنێن.
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ رۆژی شەممە 25-04-2026 بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند تەنیا 10 خولەک دوای ئەوەی گەشتەکەی ویتکۆف و کوشنەری بۆ ئیسلاماباد هەڵوەشاندووەتەوە، ئێران پێشنیازێکی "زۆر باشتر"ی ناردووە، ئەو وردەکاریی زیاتری نەدا، بەڵام جەختی کردەوە یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەیە "ئێران چەکی ئەتۆمیی نەبێ." یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەمێژە لە چەقی کێشەکانە، تاران 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە، هەنگاوێکی تەکنیکیی کورتە بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی چەک، ئەوەش بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
لەماوەی جەنگدا، لانیکەم 3375 کەس لە ئێران و لانیکەم 2509 کەس لە لوبنان کوژراون، لەوێ شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دوو رۆژ دوای دەستپێکردنی هەروەها 23 کەس لە ئیسرائیل کوژراون، لە هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی بەشێک نییە لە ململانێکە 21 کەس بەهۆی هێرشی درۆنی و مووشەکی شەهیدبوون، جگە لەوەش 10 کەس لە وڵاتانی کەنداو، 15 سەرباز لە ئیسرائیل و 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون، هەروەها 6 سەربازی هێزی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ