لە تاران هەڵەی پزیشكی لە نەشتەرگەری جوانكاری زۆرترین سكاڵای لەبارەوە دەكرێت

28-12-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن جوانکاریی نەشتەرگەری ئێران
A+ A-

رووداو - تاران

لە ئێران زۆرینەی سكاڵاكانی بواری پزیشكی لەبارەی هەڵە پزیشكییەكانی نەشتەرگەری جوانكاری دەكرێت، ئەوەش بەو مانایە دێت، خەڵكێكی زۆر ئەو جۆرە نەشتەرگەریانه دەكەن.

ئارەزوو بۆ جوانی و جوانتربوون لە جەوهەری هەموو مرۆڤێکدایە. لەم سەردەمەشدا پێشکەوتنی زانستی پزیشکی وایکردووە، خواست و ئارەزوو بۆ جوانی  زۆر کەس بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری رابکێشێت. بەڵام ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە هەمیشە نابێتە هۆی جوانبوون و زۆرجار دەرەنجامەکەی پێچەوانە دەبێتەوە. 

ئێران لە رووی ژمارەی نەشتەرگەریی جوانکاری، بەتایبەت جوانکاریی لووت، پلەی یەکەمی هەیە لە ئاستی جیهاندا، هەر بەو پێیە ژمارەی سکاڵاکانی پێوەندیدار بە هەڵە پزیشکییەکان و نەشتەرگەرییە ناسەرکەوتووەکانیش لە دادگاکانی ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری.

بەڕێوەبەری پزیشکی دادی تاران رایگەیاندبوو، کە ناکرێ ئامارێکی ورد سەبارەت بە سکاڵا لە هەڵە پزیشکییەکان بە دەستەوە بدرێت، بەڵام سکاڵا لە هەڵەی پزیشکی لە نەشتەرگەریی جوانکاریدا لە ئاستی تاراندا پلەی یەکەم و لە ئاستی ئێراندا پاش هەڵە پزیشکییەکان لە بواری نەخۆشییەکانی ژنان و لەدایکبوونی منداڵ، لە ئاستی دووەمدایە.

بەپێی ئامارەکان رێژەی 55%ی کۆی سکاڵاکانی پێوەندیدار بە هەڵە پزیشکییەکان، كارمەندی پزیشكی و پزیشکەكان بە بێتاوان دەناسرێن و لە 45% سکاڵاکانیشدا بڕیار بە دژیان دەردەکرێت. بەڵام هەر ئەوەی کە لە نزیکی نیوەی دۆسیەکاندا هەق بە نەخۆش دەدرێت جێی تێڕامانە و نیشانەی زۆربوونی هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکییە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ئێران یاسا بۆ چاودێری بەسەر نەشتەرگەریی جوانکاری هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە