ئەمریکا گەشبینە بە دانوستاندن؛ دوو بنکەی ئەتۆمیی ئێران بۆردوومان کران و حووسییەکان هەڕەشە دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووەتە قۆناخێکی هەستیار. لە کاتێکدا نێردەی تایبەتی ترەمپ ئومێدی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەم هەفتەیەدا هەیە، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ یەکەمجار ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان پێکاوە و مەترسیی فراوانبوونی جەنگەکە بەرەو یەمەن لە ئارادایە.
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی 27-03-2026 لە مەیامی رایگەیاند، بڕوای وایە ئێران "ئەم هەفتەیە" لەگەڵ واشنتن کۆدەبێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی نێوانیان. ویتکۆف گوتی، "ئێمە چاوەڕێی وەڵامی تارانین بۆ پلانی 15 خاڵیی ئەمریکا، کە دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لوتکەی G7ی لە پاریس جێهێشت و رایگەیاند: "لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتاییان پێ دەهێنین و ئێران لە هەموو کاتێک لاوازتر دەبێت." روبیۆ توانی پشتگیریی وڵاتانی G7 بەدەستبهێنێت بۆ دژایەتیکردنی ئەو "سەرانە"یەی کە ئێران دەیەوێت لە تەنگەی هورمز لە کەشتییەکان وەریبگرێت.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵگەی ئاوی قورسی خۆنداب لە ناوەندی ئێران، وێستگەی پڕۆسێسکردنی یۆرانیۆم لە ناوچەی ئەردەخان و کارگەکانی پۆڵای خوزستان و موبارەکە.
 
سوپای ئیسرائیل پێکانی دوو ناوەندە ئەتۆمییەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام سەرچاوە ئێرانییەکان دەڵێن هیچ تیشکدانەوەیەکی ئەتۆمی لەو شوێنانە رووینەداوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس نووسیویەتی: "ئیسرائیل باجێکی قورس دەدات و ئەم هێرشانە دژی ئەو مۆڵەتەیە کە ترەمپ بۆ دیپلۆماسی دیاریکردبوو."
 
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی تووندی دایە وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، وەک تۆڵەیەک، هێرش دەکاتە سەر ناوچە پیشەسازییەکانیان. پاسداران داوای لە کرێکارانی ئەو کارگانە کرد "دەستبەجێ شوێنی کارەکانیان چۆڵ بکەن".
 
ئیسماعیل سەقاب ئەسفەهانی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی لێدانی بەندەری یە‌نبوعی سعودیە و فوجەیرەی ئیماراتی کرد، ئەگەر هێرشی وشکانی بکرێتە سەر وڵاتەکەی. 
 
هەروەها تاران رایگەیاند، تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکانی دووژمندا بە داخراوی دەمێنێتەوە و رۆژی هەینی رێگرییان لە سێ کەشتی کردووە.
 
بەرەبەیانی شەممە شەپۆلێکی نوێی مووشەکیی ئێران تەلئەڤیڤی هەژاند. دەزگەی فریاکەوتی ئیسرائیل رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 60 ساڵان کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە لوبنانیش، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت بەردەوام بوون و بوونە هۆی کوژرانی دوو کەس. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، "کارەساتی مرۆیی" لە لوبنان خەریکە دەبێتە راستی، دوای ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.
 
لە پێشهاتێکی نوێدا، بزووتنەوەی حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەیان کرد، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، ئەوا دەچنە ناو جەنگەکەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، کوێت رایگەیاندووە بەندەری بازرگانیی سەرەکیی وڵاتەکەیان بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر.
 
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ مۆڵەتەکەی بۆ ئێران تاوەکو 6ی نیسان درێژکردووەتەوە، بەڵام نرخی نەوت رۆژی هەینی 4% بەرزبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رافایێل گرۆسی

ئێران بۆ گرۆسی: ئەرکی تۆ پاراستنە نەک پێشاندانی رێگەی تێکدان

ئەم تووڕەییەی تاران دوای ئەوە دێت رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندبوو: "بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا بە هێرشی سەربازی لەناو ناچێت. چونکە ئەم بەرنامەیە زۆر فراوانە. بەرنامەیەکە کە لە ماوەی ساڵان و دەیان ساڵ هەوڵداندا بونیادنراوە و لە چەندین شوێنی جیاوازدا بڵاوەی پێکراوە."