رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، قەڵای مێژوویی فەلەک ئەفلاکی پارێزگای لوڕستان زیانی بەرکەوتووە. بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری و گەشتوگوزاری پارێزگاکە دەڵێت، درزی زۆری تێکەوتووە و نیگەرانییەکان لەبارەی رووخانی قەڵاکە زیادیکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 28-03-2026 عەتا حەسەنپوور، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەڵسەنگاندنەکان دەریدەخەن هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و شەپۆلی تەقینەوەکان، کاریگەرییان لەسەر قەڵای مێژوویی فەلەک ئەفلاک داناوە.
بە گوتەی عەتا حەسەنپوور، دوای بارانبارینی ئەم دواییانە، درز و شکانی زۆر لە بەشە جیاوازەکانی قەڵای فەلەک ئەفلاک دەرکەوتوون و نیگەرانییەکان لەبارەی خۆڕاگریی ئەم شوێنەوارە مێژووییە، زیادیان کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی لوڕستان هۆشداری دەدات، قەڵا مێژووییەکە لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا مەترسیی رووخانی لەسەرە.
عەتە حەسەنپوور ئەوەشی خستەڕوو، شارەزایان و سکرتێری گشتیی کۆمیسیۆنی نیشتمانیی یونسکۆ سەردانی قەڵاکەیان کردووە، بۆ خەمڵاندنی وردی زیانەکان.
قەڵای مێژوویی فەلەک ئەفلاک نزیکەی 1800 ساڵ لەمەوپێش لە سەردەمی ساسانییەکاندا دروست کراوە و تاوەکو ئێستا چەندین جار نۆژەن کراوەتەوە.
لە 29 رۆژی جەنگدا، راستەوخۆ هێرشنەکراوەتە سەر فەلەک ئەفلاک، بەڵام بەهۆی بۆردوومانکردنی چەند بنکەیەکی سەربازیی نزیک لە قەڵاکە لە خوڕەمئاوا، زیانی زۆری پێگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ