رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، ژیان لە دوورگەی خارگ ئاساییە و هۆشداریش دەداتە ئیسرائیل و ئەمریکا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو ناوچە ستراتیژییە، بە "وەڵامێکی بێ گەڕانەوە" رووبەڕووی دەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 28ی ئاداری 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا لە دوورگەی خارگەوە رایگەیاند: "دوورگەی خارگ لە ئاسایشی تەواودایە و هێزە چەکدارەکانمان لەوپەڕی ئامادەباییدان."
رەزایی جەختی لەوەش کردەوە کە ژیانی هاووڵاتییان لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام گوتیشی: "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ژێرخانە نەوتییەکانی، وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە و کوشندەی بۆ دەستدرێژیکاران بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان هاوپەیمانیی ئیسرائیل-ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە زیادبووندان. دوورگەی خارگ کە نزیکەی 90٪ی هەناردەی نەوتی ئێرانی لێوە دەکرێ، بووەتە یەکێک لە ئامانجە ئەگەرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ لاوازکردنی توانای دارایی تاران و تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دوورگەکە و داگیری بکات.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە چەند رۆژی رابردوودا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتری لە ناوچەکە جێگیر کردووە و هێزی دەریایی هاوپەیمانان لە کەنداو و دەریای سوور لە دۆخی ئامادەبایی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی مووشەکیی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ