رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 120 بۆمبی هێشوویی نەتەقیویان دۆزیوەتەوە و پووچەڵیان کردوونەتەوە، کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای فارس لە باشووری وڵاتەکە خراونەتە خوارەوە.
رۆژی شەممە، سوپای پاسداران رایگەیاند، تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو ناوچانەن، کە بە بۆمبی هێشوویی بۆردوومان کراون.
ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لە زاری جەلال یارمحەممەدی، جێگری بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای فارس بڵاویکردەوە: "تاوەکو ئێستا 122 بۆمبی هێشوویی لە شیراز و چەند شارێکی دیکەی پارێزگاکە دۆزراونەتەوە و لەنێوبراون."
تاوەکو ئێستا بە دروستی روون نییە ئەو بۆمبانە کەی خراونەتە خوارەوە و راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە "چەند رۆژێک لەمەوپێش" روویداوە.
بۆمبی هێشوویی جۆرە چەکێکە کە لە ئاسماندا دەتەقێتەوە و دەیان یان سەدان بۆمبی بچووکتر بەسەر رووبەرێکی فراواندا بڵاودەکاتەوە، کە زۆرجار بەشێکیان ناتەقنەوە و وەک مین مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروست دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ