رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، هەموو هەوڵەکانی دوژمن بۆ ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بە تەسلیمبوون شکستیان هێناوە. دەشڵێت، نەیارانیان پلانیان هەبووە لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی بە سیستەمی سیاسیی وڵات بهێنن، بەڵام ئێستا هێزی مووشەکی و درۆنی ئێران لە هەموو کاتێک بەهێزترە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی دەنگیدا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی رایگەیاند: "دوژمنان هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی ئێران تەسلیم بکەن، بەڵام لە هەموو قۆناخەکاندا تووشی شکست بوون."
قالیباف لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای جەنگەکەوە ئامانجی یەکەمی نەیاران تیرۆرکردنی رێبەری باڵا و فەرماندە سەربازییەکان بووە، بەو هیوایەی لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بهێنن.
سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی: "دواتر هەوڵیان دا سیستەمی بەرگری و هێرشبەریی وڵات لەناو ببەن، بەڵام نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو بینیمان کە هێزی مووشەکی و درۆنی ئێران بەردەوام لە گەشەسەندندایە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف باسی لەوە کرد کە دووژمن ویستوویەتی "پڕۆژەی ڤەنزوێلا" لە ئێران دووبارە بکاتەوە، ئەویش لە رێگەی هاندانی جوداییخوازان لە سنوورەکانی رۆژئاوا بۆ دابەشکردنی وڵات.
هەروەها ئاشکرای کرد کە بۆ شەوی "چوارشەممە سووری" پلانی کودەتایان هەبووە، بەڵام بە گوتەی ئەو: "هێزە ئەمنییەکان پلانەکەیان پووچەڵکردەوە و خەڵکی ئێرانیش بە یەکگرتوویی وەڵامێکی توندیان دانەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دا کە ئێستا نەیارەکەیان چووەتە قۆناخێکی نوێوە و دەیەوێت لە رێگەی "گەمارۆی دەریایی، شەڕی میدیایی، گوشاری ئابووری و دروستکردنی دووبەرەکی لە ناوخۆدا" ئێران بەرەو داڕمان ببات.
قالیباف تیشکی خستە سەر ستراتیژیی ئەمەریکا و گوتی: "تڕەمپ بە ئاشکرا هەوڵ دەدات وڵات دابەش بکات بۆ دوو بەرەی 'تووندڕۆ و میانڕەو' تاوەکو لەو رێگەیەوە گوشارەکان کاریگەر بن، بەڵام تاکە رێگە بۆ لەناوبردنی ئەم پیلانانە تەنیا یەکڕیزییە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف وەک "کەسێک کە لە ناو جەرگەی رووداوەکانە" دڵنیایی دایە هاووڵاتیان و گوتی: "نیگەران مەبن؛ بەرپرسان هەموو شوێنکەوتووی فەرمانی رێبەری وڵاتن و بە یەکگرتوویی تەواوەوە لە نێوان هێزە سەربازی و سیاسییەکاندا کارەکان رادەپەڕێنین." گوتیشی، گەلی ئێران ئەم قۆناخە سەختە تێدەپەڕێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ