ئێران
هەڵدانی مووشەکێک لە کاتی مانۆڕێکی ساڵانەدا لە ناوچە کەنارییەکانی دەریای عومان و نزیک تەنگەی هورمز لە ئێران؛ ئەم وێنەیە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2022 گیراوە.
رووداو دیجیتاڵ
ئێران، بە 5 هەزار و 471 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، جگە لە هێرشێک بە دوو فڕۆکەی جەنگی، 7 وڵاتی عەرەبی کردووەتە ئامانج کە زۆربەیان وڵاتانی کەنداون. ئەمەش لە ماوەی 30 رۆژی وەڵامدانەوەی بۆ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل. لە ئامارەکان دەردەکەون 15٪ی هێرشەکانی ئێران ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
ئەم زانیارییانە، بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی تورکیا کە پشتی بە داتای فەرمی بەستووە تاوەکو کاژێر 21:55ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026 وەرگیراوە.
ئەو هێرشانەی تاران لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، لە چوارچێوەی وەک خۆیان دەڵێن وەڵامدانەوەیەکدایە بۆ "دەستدرێژییەکی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیل" بۆ سەری لەو رۆژەوە.
تاران دەڵێت، وڵاتانی دیاریکراو ناکاتە ئامانج، بەڵکو "بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" دەکاتە ئامانج، بەڵام هەندێک لەو هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانیان بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە، لەوانە فڕۆکەخانە و بەندەر و باڵەخانەی جۆراوجۆر.
بەپێی بەدواداچوونی ئاژانسە فەرمییەکەی تورکیا، ئیمارات زۆرترین هێرشی کراوەتەسەر، دوای ئەو کوێت، پاشان بەحرەین، قەتەر، سعودیە و ئوردن دێن. لە کاتێکدا میرنشینی عومان کەمترین هێرشی کراوەتەسەر.
جاسم ئەلبدێوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، لە لێدوانێکیدا لە 26ـی ئادار رایگەیاند، ئاماری دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، 5 هەزار مووشەک و درۆنی تێپەڕاندووە، کە 85٪ـی کۆی ئەو مووشەکانە پێکدەهێنێت کە لەم شەڕەدا لە ئێرانەوە هەڵدراون.
ئەم ئامارە ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا 15٪ـی هێرشەکانی ئێران ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
ئیمارات: 429 مووشەک و 1914 درۆن
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، رۆژی یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە سەرەتای دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئێرانەوە، 414 مووشەکی بالیستی، 15 مووشەکی کروز و 1914 درۆن خراونەتەخوارەوە."
کوێت: 309 مووشەک و 616 درۆن
سوپای کوێت رایگەیاند، "لە سەرەتای دەستدرێژییە تاوانکارییەکەوە لە 28ـی شوباتی 2026، کۆی گشتیی ئەو هەڕەشە ئاسمانییە دووژمنکارانەی کە تۆمارکراون بریتی بوون لە 307 مووشەکی بالیستی، دوو مووشەکی کروز و 616 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان."
بەحرەین: 174 مووشەک و 391 درۆن
هێزی بەرگریی بەحرەین، رۆژی یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە سەرەتای هێرشەکانی ئێرانەوە، 174 مووشەک و 391 درۆنیان خستووەتەخوارەوە و تێکشکاندووە.
قەتەر: 206 مووشەک و 93 درۆن و دوو فڕۆکەی جەنگی
قەتەر تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە، ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تارانی رانەگەیاندبوو، بەڵام بەپێی بەدواداچوونە پشتبەستراوەکان بە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگری، بەرپەرچی 206 مووشەک و 93 درۆن و دوو فڕۆکەی جەنگی دراوەتەوە.
سعودیە: 52 مووشەک و 1006 درۆن
سعودیە تاوەکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تارانی رانەگەیاندبوو. بەڵام بەپێی ئاماری راگەیێندراوەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە و ئاماری رۆژانەی کەناڵی فەرمیی "ئیخبارییە"، بەرپەرچی 52 مووشەک و 1006 درۆن دراوەتەوە.
ئوردن: 262 مووشەک و درۆن
داتاکانی سوپای ئوردن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامارەکە گەیشتووەتە 262 مووشەک و درۆن لە سەرەتای هێرشەکانەوە لە ناوچەکە تاوەکو رۆژی شەممە.
میرنشینی عومان: 19 درۆن
میرنشینی عومان تاوەکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ئاماری گشتیی هێرشەکانی بڵاونەکردبووەوە، بەڵام داتاکان کە ئاژانسی هەواڵی عومان بڵاویکردوونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە رووبەڕووی هێرشی 19 درۆن بووەتەوە.
ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ـی شوباتەوە دەستیان بە هێرش بۆ سەر ئێران کردووە و بەهۆیەوە سەتان کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەمنی. لە بەرامبەردا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.
هەروەها ئێران ئەوەی بە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" ناوی دەبات لە وڵاتانی عەرەبی دەکاتە ئامانج، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانی بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە، ئەمەش لەلایەن ئەو وڵاتانەوە سەرکۆنە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ