رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چڕ بوونەتەوە. لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندین باڵەخانەی دیکە لە تاران رووخان و کارەبای چەند گەڕەکێکیش پچڕا.
ئەندامێکی تیمی فریاگوزاری لە ئێران دەڵێت، "هێرشی شەوانەی رژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان لە تاران بەردەوامە. فریاگوزاران سەرقاڵی گەیاندنی فریاگوزارین بە خەڵکی ئازیز."
لە 24 کاژێری رابردوودا هێرش کراوەتە سەر چەندین شوێن لە 19 پارێزگای ئێران. تاوەکو ئێستا زیان بەر زیاتر لە 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی کەوتووە، کە زۆربەیان لە تارانن.
رازیە عالیشوەندی، جێگری سەرۆکی مانگی سووری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ دەڵێت، "دوێنێ شەو رژێمی زایۆنی و ئەمریکای تاوانبار 104شوێنی نیشتمان و خاکی ئازیزمانیان کردە ئامانجی هێرشەکانیان، کە 19 پارێزگایان گرتووەتەوە. 43یان تەنیا لە تاران بوون، زۆربەی ئەم شوێنانە وەک ئەم باڵەخانەیە، شوێنی نیشتەجێبوونن، بە شێوەیەکی تەواو نیشتەجێبوون و سڤیل بوون."
هاوشێوەی زیانە مادییەکان، زیانێکی زۆری گیانی، لێکەوتەی بەردەوامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلە لەگەڵ ئێران.
سەرۆکی مانگی سووری ئێران دەڵێت، زۆربەی قوربانییان ژنان، منداڵان و خەڵکی سڤیلن.
پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، "دوێنێ لە شەهری رەی، ئافرەتێکم بینی لە کاتێکدا منداڵەکەی لە باوەشیدا بوو، شەهید ببوون. یان لە قوم کە چوومە ئەو گەڕەکە نیشتەجێبوونەی بۆردوومان کرابوو، هەموو ئەندامانی خێزانێک لەلای یەکدی شەهید ببوون کە لە کاتی هێرشەکەدا سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون."
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای جەنگەوە 24 هەزار و 742 کەس بریندار بوون. هەروەها 246 ژن، 216 مێرمنداڵ و منداڵی تەمەن خوارووی 18 ساڵ، کە 17یان منداڵی تەمەن خوارووی پێنج ساڵن، کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ