رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە 246 ژن و 216 کەسی خوار 18 ساڵ کوژراون.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند: "لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا 246 ژن و 216 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ و 17 منداڵی خوار 5 ساڵ بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون."
هەروەها رازیە عالیشوەندی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ لە مانگی سووری ئێران ئامارێکی دیکەی لەبارەی قوربانیانی شەڕ بڵاوکردەوە: "تاوەکو ئێستا 102 هەزار و 243 کەسی مەدەنی کراونەتە ئامانج. زیانە ماددییەکانیش بریتین لە وێرانبوونی زیاتر لە 80 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، 20 هەزار یەکەی بازرگانی، 296 ناوەندی تەندروستی و 600 ناوەندی خوێندن."
لەبارەی زیانەکانی رێکخراوەکەشیانەوە، عالیشوەندی ئاماژەی بەوە کرد 18 ناوەندی سەر بە مانگی سوور زیانیان پێگەیشتووە، لە ئەنجامدا 17 کارمەندیان بریندار بوون و دوو کارمەندیش کوژراون.
ئەو بەرپرسەی مانگی سووری ئێران ئاشکرای کرد، کۆی گشتی بریندارە مەدەنییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 21 هەزار کەس، کە لەنێویاندا 1731 کەسیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵە و 4163 ژنیش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ