سوپای پاسداران کوژرانی عەلیڕەزا تەنگسیری راگەیاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەدلین قاسم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کوژرانی عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەو سوپایەی راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، تەنگسیری دوای ئەوەی سەرپەرشتی چەندین هێرشی کرد بۆ سەر ژێرخانەکانی "دووژمن" و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی، لە کاتی رێکخستنەوەی هێزەکان و بەهێزکردنی قەڵخانی بەرگریی دوورگە و کەناراوەکانی ئێران، بە سەختی بریندار بوو و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
 
سوپای پاسداران باس لەوە دەکات کوژرانی فەرماندە باڵاکانیان نابێتەهۆی وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانیان و رایگەیاند: "هەروەک چۆن بە کۆچی رێبەرانی مەزنی وەک ئایەتوڵڵا خومەینی و ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێڕەوی شۆڕش نەوەستا، بە شەهیدبوونی فەرماندە مەیدانییەکانیش کارەکانمان بەهێزتر دەبن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەربازانی هێزی دەریایی سوپا گورزی جەرگبڕیان لە "دووژمن" داوە و بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی مەیدانی جەنگ لە تەنگەی هورمز.
 
سوپای پاسداران کوژرانی ئەم فەرماندەیەی وەک داستانێکی نیشتمانی ناوبردووە و لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەگەڵ گەلی ئێران بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە تاوەکو لەنێوبردنی تەواوەتیی دووژمن و رزگارکردنی قودسی شەریف، لە تێکۆشان ناوەستین."
 
عەلیڕەزا تەنگسیری یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارە سەربازییەکانی ئێران و بۆ چەندین ساڵ فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ بوو، بەتایبەتی لە ناوچە هەستیارەکانی کەنداو و تەنگەی هورمز.
 
عەلیڕەزا تەنگسیری کێ بوو؟
 
- ساڵی 1962 لە شاری تەنگستانی پارێزگای بوشەهر لەدایکبووە.
- پلەی سەربازییەکەی لەناو سوپای پاسداراندا  سەردار بوو.
- فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بوو.
- لە ساڵی 2006 تاوەکو 2010 فەرماندەی ناوچەی یەکەمی دەریایی سوپای پاسداران لە بەندەر عەباس بووە.
- لە ساڵی 2010 تاوەکو 2018 جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بووە.
- لە ساڵی 2018 تاوەکو ئەمڕۆ فەرماندەی گشتی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانە.
- ساڵی 2019 بە تۆمەتی تێوەگلان لە تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی، خرایە لیستی سزادراوانی ئەمریکا.
- ساڵی 2023 بە تۆمەتی ناردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ سووریا و درۆن بۆ رووسیا خرایە لیستی سزادراوانی یەکێتیی ئەورووپا.
-رۆژی 26ـی ئادار یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی تەنگسیری راگەیاند و ئەمڕۆ ئێران بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەرمانگەی قەیرانەکان لە پارێزگای تەورێز دەڵێ، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. وێنە: Reuters

لە تەورێز هێرشکرایە سەر یەکەیەکی پترۆکیمیایی

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی قەیرانەکان لە پارێزگای تەورێز رایگەیاند، یەکێک لە یەکەکانی کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی تەورێز کراوەتە ئامانج، بەڵام دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە