رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، لە رێگەی چەند نێوەندگیرێکەوە، لەوانە پاکستان، پەیامی ئەمریکایان بەدەست گەیشتووە کە تێیدا واشنتن داوای دانوستاندن دەکات، بەڵام تاران ئەو داواکارییانە بە "زیادەخوازی" ناودەبات و دەشڵێت: "هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نییە."
رۆژی دووشەممە، 30ی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن.
"لە رێگەی پاکستانەوە پەیامی ئەمریکامان پێگەیشتووە"
سەبارەت بە ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، ئیسماعیل بەقایی گوتی: "هیچ جۆرە دانوستاندنێکی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە. ئەوەی هەیە تەنیا گۆڕینەوەی پەیام بووە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، بەتایبەت پاکستان، کە تێیدا ئەمریکا ئارەزووی خۆی بۆ دانوستاندن نیشانداوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا گرت و گوتی: "متمانەی جیهانی بە دیپلۆماسیی ئەمریکا زۆر کەم بووەتەوە. ئەو داواکارییانەی لەژێر ناوی 'پڕۆژەی 15 خاڵی' بۆ ئێمە نێردراون، داواکاریی زیادەخوازانە، ناواقیعی و ناژیرانەن."
بڕیاری شەڕ و ئاشتی
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشهاتە گرژییە سەربازییەکان، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە ئێران پرۆسەیەکی دەستوورییە و گوتی: "بڕیاردان لەسەر شەڕ و ئاشتی بەپێی دەستوور و لەلایەن مەرجەعە پەیوەندیدارەکان و بەپێی بەرژەوەندیی وڵات دەبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "لە کاتێکدا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر ژێرخانەکان و ناوەندە زانستییەکانی ئێمە، لۆژیکییە کە تەواوی جەختکردنەوەی ئێمە لەسەر بەرگریکردن بێت لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی وڵات."
بەقایی داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە لە هەوڵەکانیاندا بۆ ئاشتی "واقیعی و دادپەروەر بن" و تەنیا داوای دانبەخۆداگرتن لە ئێران نەکەن، بەڵکو سەیری ئەوە بکەن کێ شەڕەکەی دەستپێکردووە.
"بێدەنگیی گرۆسی جێگەی داخە"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی هەڵوێستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و رەخنەی تووندی لە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە گرت و گوتی: "بێدەنگیی ئاژانس و گرۆسی بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان جێگەی نیگەرانییە. ئەم هێرشانە بەپێی یاساکانی ئاژانس تاوانن."
بەقایی هۆشداری دا کە گرۆسی لە دوو ساڵی رابردوودا کارێکی باشی نەکردووە و گوتی: "بەڕێوەبەری ئاژانس لە بری ئیدانەکردنی دەستدرێژیکاران، لێدوانێک دەدات کە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات. ئەو بێلایەن نییە و یەکەم کاری ئاژانس دەبێت ئیدانەکردنی ئەو تاوانانە بێت کە دەکرێنە سەر ژێرخانی ئەتۆمیی ئێمە."
کۆبوونەوەکانی پاکستان
سەبارەت بەو کۆبوونەوانەی پاکستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سازیان دەکات، بەقایی رایگەیاند کە ئێران لەو چوارچێوەیەدا بەشدار نییە، بەڵام گوتی: "ئەگەر وڵاتانی دراوسێ خەمی ئاشتی و ئەمنییەتیان بێت، ئەوە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام دەبێت بزانرێت کێ هۆکاری تێکدانی ئەم ئارامییەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ