وەزیری دەرەوی ئێران: ئەوەی هەیە تەنیا گۆڕینەوەی پەیامە نەک دانوستاندن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: هێشتا لە رێگەی ویتکۆڤەوە پەیام وەردەگرێت، بەڵام ئەوە بە واتای دانوستاندن نایەت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوی ئێران رایگەیاند: "ئەوەی لەو کاتەدا لە ئارادایە "دانوستاندن نییە"، بەڵکو تەنیا گۆڕینەوەی پەیامەکانە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان لە رێگەی دۆستانی ناوچەکەوە ئەنجام دەدرێت.
 
عەباس عێراقچی گوتی: "پەیامەکان بریتین لە هۆشداری یان بۆچوونی هاوبەش کە لە رێگە جیاوازەکانی ناوچەکە دەنێردرێت."
 
عێراقچی گوتیشی: "هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراودا نییە و پەیامەکان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەیەکی فەرمیدا و لەژێر چاودێریی حکومەت و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت."
 
سەبارەت بە پێشنیازەکانی واشنتن، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، تاران هیچ وەڵامێکی بۆ ئەو 15 پێشنیازەی ئەمریکا نەبووە و تاوەکو ئێستا هیچ مەرج یان پێشنیازێکی پێشکەش نەکردوون، چونکە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر بنەمای دانوستاندنەکان نەدراوە."
 
عێراقچی جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئێران تەنیا بە ئاگربەست رازی نابێت، بەڵکو خوازیاری کۆتاییهاتنی تەواوەتیی شەڕە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا."
 
عێراقچی گوتیشی: "مەرجەکانی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ روونە و بریتین لە: دابینکردنی گەرەنتی بۆ دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکان و پێدانی قەرەبووی زیانەکان."
 
لە پەیامێکی توونددا بۆ واشنتن، عێراقچی گوتی: "ناکرێت هەڕەشە لە گەلی ئێران بکرێت، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا بە زمانێکی پڕ لە رێزەوە لەگەڵ گەلی ئێران بدوێت."
 
سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووەکە بە تەواوی کراوەیە" بەڵام تەنیا بۆ ئەو لایەنانە داخراوە کە بەشداریی شەڕ دەکەن دژی ئێران و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو رێکارێک بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتیی وڵاتە دۆستەکان گیراوەتە بەر و تەنگەی هورمز دەکرێت ببێتە "رێڕەوێک بۆ ئاشتی".
 
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، عەباس عێراقچی هۆشداری دا کە ئێران بۆ هەر ئەگەرێکی رووبەڕووبوونەوەی زەوینی ئامادەیە و هیواشی خواست دوژمنانی وڵاتەکەی لە لێکدانەوەکانی خۆیاندا تووشی هەڵە نەبن."
 
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
رۆژی دووشەممە 23ی ئادار، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەستیان بە گفتوگۆکردووە لەگەڵ ئێران بۆ رێککەوتن و راگرتنی جەنگەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوە رەتدەکەنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە