سەرۆکایەتیی کۆمار: دیاریکردنی 90 ملیۆن دینار بۆ خانەنشینیی سەرۆککۆمار راست نییە

24 خولەک له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دیاریکردنی مووچەی خانەنشینیی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دەکەن بە 90 ملیۆن دینار و دەڵێت، "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە."
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە تووندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن، گوایە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق سوپاسی وەزارەتی دارایی کردووە لە بەرامبەر دیاریکردنی مووچەی خانەنشینییەکەی بە 90 ملیۆن دیناری مانگانە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو هەواڵە بە تەواوی لە راستییەوە دوورە و هیچ بنەمایەکی نییە، نە لەلایەن سەرۆککۆمار و نە لەلایەن هیچ دامەزراوەیەکی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بڵاونەکراوەتەوە و هیچ دیدار و پەیوەندییەکیش لەگەڵ وەزارەتی داراییدا نەکراوە."
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چەواشەکاریی بەئەنقەستدایە کە لایەنی ترسنۆک و گەندەڵ لەپشتیەوەیە و ئامانج لێی ناوزڕاندنی سەرۆککۆمار و دامەزراوەکانی دەوڵەت و وروژاندنی رای گشتییە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ."
 
سەرۆکایەتیی کۆمار هۆشداریی داوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە و داوای لە میدیا و هاووڵاتییان کردووە، زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و رایگەیاندووە، مافی خۆیەتی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە بگرێتەبەر کە ئەو جۆرە "درۆیانە" بڵاودەکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکی برینداربوونەکانن

شەوی سەری ساڵ لە عێراق زیاتر لە 500 کەس بریندار بوون

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری گشتیی بریندارانی رووداوە جیاجیاکانی لە شەوی سەری ساڵی نوێدا لە وڵاتەکە راگەیاند و دەڵێ، 567 کەس بریندار بوون.