رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکیسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دیاریکردنی نووری مالیکی وەکو بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، کاریگەریی خستووەتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لەگەڵ یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکنەکەوتوون.
بڕیار بوو کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-02-2026، پەرلەمانی عێراق بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بەڕێوەنەچوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هۆکارێکی دواکەوتنی دانیشتنەکە پەیوەندی بە دۆخی نێو ماڵی شیعە و دیاریکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساوە هەیە وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای راگەیاندنی ناوی مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە گوتی: "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژارەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران."
شاخەوان عەبدوڵڵا لەو بارەیەوە گوتی: "پێموایە بڕیاری ئەوان (ئەمریکا) زیاتر هانی شیعەکانی دا لەسەر بەربژێربوونی بەڕێز مالیکی پێداگر بن. بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە."
کێبڕکێی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی بۆ رێککەوتن لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بەردەوامن، "بەڵام تاوەکو ئێستا هەر لایەنێک بەربژێری تایبەت بە خۆی هەیە و هەردوولا لەسەر بەربژێرەکانیان سوورن."
بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببنەوە، دواتر سەردانی سلێمانیش بکەن.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "ئەوان کۆمەڵێک پرسیان هەیە کە لەگەڵی (سەرۆک بارزانی) باسی دەکەن. لەوانەش پرسی سەرۆکوەزیران، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پرسی عێراق و سووریا."
لەلایەکی دیکەوە، فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دوای دواخرانی دانیشتنەکەی پەرلەمان گفتوگۆ لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دروست دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکوەزیران، هەروەها "لەنێوان شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و کوردستانیش گفتوگۆ دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ