رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا و هەولێر مژاری دانەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان گەرمە. قەرزەکە دیارە، بەڵام شێوازى دانەوەى نادیارە.
ئێستا باس لە زیاتر لە سیناریۆیەک دەکرێ بۆ دانەوەی پاشەکەوتەکە. سیناریۆى یەکەم، ئەوەیە حکومەتى فیدڕاڵى، لە بودجەدا پارەى بۆ تەرخان بکات.
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدوداچوون دەڵێت، "ئەگەر ئەوان رێژەیان دەستنیشانکردووە و ٪10یان زیادکردووە، بێزەحمەت پێمان بڵێن ئەو بەشە زیادکراوەی کە دەیانەوێت بۆ ئەو نۆ ترلیۆنەی کە ئێمە دەستنیشانمان کردووە، چەندی تریان زیادکردووە؟ ئێمە پێویستمان بە نزیکەی ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار هەیە کە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ زیادی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین پاشەکەوتی مووچە بدەینەوە. ئایا توانیویانە ئەمە زیادبکەن، نەخێر."
سیناریۆى دووەم ئەوەیە کە لە رێگەى گواستنەوەى پارە لەنێوان سێکتەرەکانی پشکی هەرێمی کوردستاندا پاشەکەوتى مووچە بدرێتەوە.
فازل نەبی، بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایی عێراق باس لەوە دەکات، "رەواتر، نۆ ترلیۆن و نزیکەی 300 ملیارە لە بەشی یەکەم. بەڵام بەشەکانی تر، بۆ نموونە خزمەتگوزاری ترلیۆنێک و 786 ملیاری تێدایە. بە نزیکەی 13 ترلیۆن لە بەشی بەگەڕخستنە. لەو 13 ترلیۆنە، نۆ ترلیۆن و 300 ملیار هی مووچەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە، 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینارە. دەکرێ لەنێو ئەو بڕەدا گواستنەوە بکرێت."
سیناریۆی سێیەم، زیادبوونی داهاتە بەهۆی بەرزبوونی نرخی نەوت.
ئەگەر بەرمیلێک نەوت بگاتە 80 دۆلار، مانگانە زیاتر لە 150 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان دەستبەردەکات، لەکاتێکدا دانەوەى 10%ى پاشەکەوتى مووچە مانگانە پێویستی بە 100 ملیار دینارە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "پێش ئێستا مەرجێک لە مادەی 12 دا هەبوو کە دەیگوت ، نابێت بەشی هەرێمی کوردستان لە داهاتەکەی زیاتر بێت. ئێمە ئەو مەرجەمان هەڵگرتووە لە هەمواری نوێدا. کە هەڵمانگرت، دەقێکمان هەیە باس لەوە دەکات، ئەگەر نرخی نەوت بەرزبووەوە، دەتوانین ئەوکات سوود لەوە وەربگرین."
چارەنووسی دانەوەى پاشەکەوتی مووچە لە پڕۆژەیاساى بودجەدا بەندە بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازى دانەوەکەى بەر لەوەى لە پەرمانى عێراق بە دەنگدان یەکلابکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ