رووداو- ئەنبار
فەریق فازل بەرواری، فەرماندەی فرقەی ئاڵتوونی رایدەگەیێنێ، بە موشەکێکی نوێەوە دەچینە نێو ئەنبار و لە یەک دڵۆپە خوێنی عێراقییەکان خۆش نابین.
فەریق فازل بەرواری، فەرماندەی فرقەی ئاڵتوونی لە ماڵپەری دەزگای نەهێشتنی تیرۆر- ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان- فرقەی ئاڵتوونی وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە چەکێکی نوێی بەدەستەوەیە و تێیدا رایگەیاندووە "بە موشەکێکی نوێ دەچینە نێو ئەنبار، نەک بە چەکی سووک".
فازل بەرواری کە هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانە، هەڕەشەی لە نێوبردنی یەکە یەکەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە"داعش" دەکات. هەروەها دەڵێ "لە یەک دڵۆپە خوێنی عێراقییەکان خۆش نابین و بەهانای بانگەوازی دانیشتوانی ئەنبار دەچین".
بە گوتەی فەریق فازل بەرواری "چەکەکە بە ناوی بەروارییە و بۆیەکەم جارە لە عێراق بەکاردێت".
رەوشی پارێزگای ئەنبار بەگشتی و لە شارەکانی روومادی و فەللوجە بە تایبەتی ئاڵۆزە و چەکدارانی هۆزەکان رێگە نادەن سوپا بێتە ناو ئەو 2 شارە، پێشتر شێخ قاسم كەربولی، ئەندامی لیژنەی رێكخستنی خۆپێشاندانەكانی ئەنبار بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو، چەکدارانی هۆزەکان شارەکانی روومادی و فەللوجەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەکدارانی (داعش) لەلایەکەوە و چەکدارانی سەحوە لەلایەکی دیکەوە، هاتوونەتە نێو ئەو دوو شارەو چالاکی چەکداری ئەنجامدەدەن.
هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵ باس لەوەدەکەن، کە چەکداران دەستیان گرتووە بەسەر چوار بنکەی پۆلیس لە شاری روومادی و 100 بەندکراویشیان لە بەندیخانەی بنکەی پۆلیسی فەللوجە ئازادکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ