شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی خۆڵبارین لە عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دێت و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. شارەزایەک دەڵێت، "نیوەڕۆی سبەی دووشەممە کاریگەرییەکەی نامێنێت."
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 3ی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزمەپاڵەپەستۆیەک بووەتە هۆی دروستبوونی بایەکی وشک و چالاک کە خۆڵبارین و کەمبوونەوەی مەودای بینینی لێدەکەوێتەوە. شەپۆلەکە لە رۆژئاوای عێراقەوە دەستیپێکردووە و ئەمشهو و سبەی دووشەممە زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەگرێتەوە.
 
هاوکات سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی، بە رووداوی گوت، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین کە لە کەرکووک، بێجی، نەینەوا و سەلاحەدین دروستبووە، بەرەو هەرێمی کوردستان دێت و پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیانیش دەگرێتەوە.
 
بە گوتەی سیروان ساڵح، چڕیی خۆڵبارینەکە لە خورماتوو، چەمچەماڵ، بەشێک لە هەولێر و کەرکووک زیاتر دەبێت، بەڵام کاریگەرییەکەی لە ناوچەکانی راپەڕین، سۆران و هەڵەبجە کەمتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت نیوەڕۆی سبەی دووشەممە کۆتایی بێت.
 
دوای خۆڵبارینەکە، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پلەی گەرما 4 بۆ 8 پلە دادەبەزێت، لەگەڵ ئەگەری بەفربارین لە لووتکەی چیا بەرزەکان.
 
بەرگریی شارستانی و کەشناسیی عێراق هۆشداری دەداتە شۆفێران کە بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینینەوە ئاگاداربن، هەروەها داوا لە تووشبووانی نەخۆشیی رەبوو و هەستیاری دەکات خۆیان لە خۆڵبارینەکە بپارێزن.
 
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە