رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق دەڵێ، لە مانگی نیساندا 36 بوومەلەرزە تۆمارکراون کە 14یان لە باشووری کوردستان بوون. 16 لە بوومەلەرزە تۆمارکراوەکان چەقەکەیان لە نێوخۆدا بووە و ئەوانی دیکە سەرچاوەکانیان لە وڵاتانی دراوسێ بووە.
یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راپۆرتی مانگی نیسانی تایبەت بە بوومەلەرزەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو مانگەدا 36 بوومەلەرزە تۆمارکراون کە 16یان سەرچاوەکەیان لە باشووری کوردستان و عێراق بووە و 20ەکەى دیکەیان سەرچاوەکەیان وڵاتانی دراوسێ بووە و لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەستیان پێکراوە.
پارێزگای سلێمانی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە هەشت دانە بوون. نەینەوا لە پلەی دووەم هاتووە کە سێ بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە لە قەزاکانی تەلەعفەر، شێخان و شاری موسڵ بوون. لە هەریەک لە دهۆک و هەولێر دوو بوومەلەرزە تۆمارکراوە؛ لە قەزای خانەقینیش لە پارێزگای دیالە یەک بوومەلەرزە تۆمارکراوە.
زۆرینەی ئەو بوومەلەرزانەی کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەی عێراق بووە، لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە 10 بوومەلەرزە بوون.
نۆ لە سەرچاوەی بوومەلەرزەکانی دەرەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بووە، کە چەقەکەیان شارەکانی هەکاری، سۆلاک و وان بووە. یەکێک لە بوومەلەرزەکانیش سەرچاوەکەی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گوڕی ئەو بوومەلەرزانە لەنێوان یەک بۆ پێنج پلە بووە. بەپێی پێوەری رێختەر و قووڵاییەکانیان لەنێوان 5 بۆ 39 کیلۆمەتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ