رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، پارێزەرێکی کورد لە دادگەکە سکاڵای لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکرد و دەڵێت، ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژوەندیی سکاڵاکە بدرێت، دادگەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگە لە دوای پەسندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005ـەوە دەریکردوون، نایاسایی و نادەستووری دەبێت.
پارێزەری راوێژکار ئازاد دۆسکی، لەبارەی سکاڵاکەیەوە کە بڕیارە ئەم مانگە دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی بکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکاڵاکەم لە دادگەی باڵای فیدراڵی لە دژی یاسای دادگەکەیە، ئەو یاسایە لە ساڵی 2021 هەموارکراوەتەوە، بەپێی ئەو هەموارە بەردەوام بووە لە کارکردن بەپێی یاسای برێمەر، لەکاتێکدا دەستووری عێراق دەڵێت 'لەگەڵ پەسندکردنی دەستوور، کار بە یاسای برێمەر ناکرێت'، بەڵام دادگەکە لە ساڵی 2005ـەوە و لەدوای پەسندکردنی دەستووریشەوە هەر بەو یاسایەی برێمەر کە بە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەناسرێت، کاردەکات."
ئەو پارێزەرە دەڵێت، ئەگەر سکاڵاکەی سەربگرێت؛ ئەوا دادگە کارەکانی هەڵدەپەسێردرێت و هەڵدەوەشێتەوە و سەرجەم بڕیارەکانی دادگەکە کە لەدوای پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری 2005ـەوە دەرچوون تاوەکو ئێستا بە نایاسایی و نادەستووری هەژمار دەکرێن.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە 15ـی ئەم مانگە دادگەکە بۆ ئەو سکاڵایەی ئازاد دۆسکی لە دژی هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆماری کردووە، یەکەم دانیشتنی خۆی بکات.
بەگوێرەی سکاڵانامەکە؛ ئەو پارێزەرە داوای لە دادگەی فیدراڵی کردووە بڕیار بە نادەستووریبوونی یاسای هەمواری یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2021ـی هەمواری یەکەمی فەرمانی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی بدات.
ئەو پارێزەرە کوردە لە قسەکانیدا گوتی، "ئەوە دەرفەتێکی باشە لەبەردەم ئێمە، بەتایبەت کە پشتگیری بکرێم، چونکە بەشێک لەو بڕیارانەی دادگەکە دەریکردوون تێبینییان لەسەرە، لەوانە یاسای نەوت و گاز و پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتیکی دیکە."
یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2005، بەپێی مادەی 44ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی گواستنەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکراوە.
یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی گواستنەوەدا یەکێکە لەو یاسایانەی تایبەت بوو بە قۆناخی دوای رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و بە یاسای بەڕێوەبردنی کاتی و یاسای برێمەر دەناسرێت، لە مادەی 44ـی یاساکە باس لە دامەزراندنی دادگەیەک بە ناوی دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە، ئەو یاسایە بەپێی مادەی 62، تاوەکو پەسەندکردنی دەستوور و پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو کاتی عێراق کاری پێدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ