سێ پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی شرۆڤەی سەردانی ماکرۆن بۆ بەغدا دەکەن

03-09-2020
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن ماکرۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی چوارشەممە لە بەیرووتەوە سەردانی بەغدای کرد و دەوروبەری شەش کاژێر لە عێراق مایەوە، بەجیا لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بۆ خوانی ئێوارە و پێش بەڕێکردنی ژمارەیەکی زۆری سەرکردەی حیزبەکان لە کۆشکی بەغدا ماکرۆنیان بینی.
 
سەردانەکەی ماکرۆن و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا لە دیبەیتێکی تەلەڤزیۆنی رووداو لەگەڵ هەریەک لە د.عەزیز جەبر شەیال، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆ لە بەغدا، د.ئاسۆ حەسەنزادە، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆ و عەزیز ماملێ، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی لە پاریس، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
 
سەبارەت بە روانینیان بۆ سەردانەکەی سەرۆککۆماری فەرەنسا بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، د.عەزیز جەبر شەیال، ئاماژەی بەوەکرد فەرەنسا و عێراق پەیوەندییەکی دوورودرێژ و مێژوویی زۆرباشیان هەیە، ئێستاش هەردوو وڵات پێویستیان بەیەکدییە. بۆچوونی د.عەزیز شەیال وابوو، عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە لەپێناو هەستانەوەی ئابووری و هاوکاریکردنی عێراق و دەرهێنانی لەو تەنگژە داراییەی تێیکەوتووە.
 
لەبارەی بەهێزیی رۆڵی فەرەنسا لە عێراق و کاریگەرییەکەی لەسەر بەهێزبوونی هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە تورکیا،  د.عەزیز شەیال گوتی "ئەو گوشارەی فەرەنسا لەسەر تورکیا دروستیکردووە، عێراق دەتوانێ سوودی لێ وەربگرێت، دەکرێت فەرەنسا کارتێک بێت بۆ گوشارخستنە سەر تورکیا و پێویستە عێراقییەکان بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکگرتوو بن. هەربۆیە پێموایە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کارێکی باشی کرووە کە سەرۆکی هەرێم چووەتە بەغدا".
 
ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان فەرەنسا و تورکیا زیادیانکردووە و هۆکارێکی سەرەکیشی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە هەیە. تورکیا لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئەو دەریایە بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێت و ئەوەش وایکردووە، کێشە لەنێوان تورکیا لەلایەک و یۆنان و ئەندامانی دیکەی رێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا لە لایەکی دیکە دروستبێت. 
 
تورکیا کەشتییەکی بەمەبەستی گەڕان و یەکەیەک لە هێزی دەریایی ناردووەتە ناوچەکە و حکومەتی یۆنانیش وەک کاردانەوەیەک بڕیاریدا یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەی بنێرێتە ناوچەکە بۆئەوەی ئاگاداری جووڵەکانی تورکیا بێت. حکومەتی فەرەنساش رایگەیاند، پێگەی سەربازیی خۆی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، ئەوەش وەک دەربڕینی پاڵپشتی لە یۆنان. بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و پاریسی زیاترکرد، چونکە بەهۆی سیاسەتی دژی هەردوولا لەبارەی لیبیا، رۆژئاوای کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان گرژی لەنێوان هەردوولادا پێشتریش هەبوو. 
 
د.عەزیز شەیال دەڵێ: "دەکرێت فەرەنسا بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری لەسەر تورکیا هەبێت، پەیوەندییەکانی تورکیا و فەرەنسا لە ئاستێکی زۆر خراپدان، دەکرێت ئەو هەڵوێستەی فەرەنسا بقۆزینەوە بۆ هاوکاریکردنمان بۆ چوونە ئەنجوومەنی ئاسایش، کە رەنگە سەرکردایەتی عێراق رووبکاتە ئەنجوومەنی ئاسایش لە سایەی ئەم گوێپێنەدانەی تورکیا و بەردەوامی لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
سەبارەت بە رۆڵی فەرەنسا لە نەهێشتنی ئەو کێشانەی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا هەن، د.عەزیز شەیال دەڵێ: "راستە فەرەنسا رۆڵی هەیە، بەڵام تەنیا هەولێر و بەغدا دەتوانن کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، ئەزموونی لوبنانیش جیاوازە لە عێراق، راستە فەرەنسا رۆڵێکی گەورەو کاریگەری هەیە لە لوبنان، بەڵام هەمان ئەو رۆڵەی لە عێراق نییە".
 
د.عەزیز شەیال پێیوایە کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا "لەو ئاستەدا نین تاوەکو چاومان لەوەبێت لایەنێکی نێودەوڵەتی رۆڵ ببینێت و چارەسەری بکات. نیازپاکی لەنێوان هەردوولادا هەیە، راستە رەنگە رووداوەکانی 2017 کاریگەرییان هەبێت، بەڵام ئێستا پردی پەیوەندی و متمانە هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ ئەوەش رۆڵی دۆستانە جێگەی پێشوازییە".
 
لەبارەی بەهێزبوونی رۆڵی فەرەنسا لە عێراق و ناوچەکە و پەیوەندی بەهێزی فەرەنساو لەگەڵ ئەمریکا و ئێران، عەزیز ماملێ، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی پێیوایە، مەبەستی سەرەکی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دروستبووە، کە ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم مەترسی دەستوەردانی کاروباری نێوخۆیی لەلایەن ئێرانەوە، ئیمانوێل ماکرۆن دەیەوێت بە یارمەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە ببینێتەوە و خەڵک و دەوڵەتی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بتوانن چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن.
 
عەزیز ماملێ دەڵێ: "داوای حکومەتی فەرەنسا لە دەوڵەتی عێراق ئەوەیە کە خۆی بەدوور بگرێت لەو کێشانەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەخۆیی و سەقامگیری و حکومڕانی خۆی بپارێزێت".
 
رۆڵی عێراق لە ناوچەکە و سەروەریی خاکەکەی تەوەرێکی کۆبوونەوەی د. بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بووبوو. بەرهەم ساڵح لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی دوای کۆبوونەوەکەیان بۆ میدیاکان و روو لە ماکرۆن گوتی "ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیرییە، عێراقیش دەبێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، خاوەن بڕیار و سەروەریی تەواو رۆڵی میحوەری بگێڕێت لە ناوچەکە". جەختیشی کردەوە "عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان".
 
بە بڕوای عەزیز ماملێ فەرەنسا لە بیرو هەوڵی ئەوەدایە "عێراق هانبدات و ئەویش یارمەتیدەر و پاڵپشتی دەکات، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەیەک دەربکەن بۆ ئەوەی سوپای تورکیا زیاتر رێگە بەخۆی نەدات لەو دەستدرێژیانەی بەردەوامبێت و بگەڕێتەوە سەر سنوورەکانی خۆی".
 
سەبارەت بە بۆچوون و روانگەی فەرەنسییەکان بە گشتی بەرامبەر بە کورد، عەزیز ماملێ دەڵێ: "لە دوای میتەرانەوە فەرەنسا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کورد هەیە، کورد لە سووریا و عێراق لەدژی تیرۆر رۆڵێکی گەورەیان بینی. کورد وەک هاوپەیمانێک بۆ پێشکەوتنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەیردەکرێت و فەرەنسا سیاسەتێکی تایبەتی بەرامبەر بە کورد هەیە".
 
لەبارەی بەهێزبوونی رۆڵی فەرەنسا لە عێراق و سووریاو سوودی بۆ کورد د.ئاسۆ حەسەنزادە، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان مامۆستای زانکۆ، ئاماژەی بەوەکرد کە لە رۆژئاوای کوردستان، فەرەنسا یارمەتیدەری کورد بووە و دژی تورکیا بووە، پاشان لەو گەمارۆ سیاسییەشی خرابووە سەر هەرێمی کوردستان دوای گشتپرسی سەربەخۆیی، فەرەنسا دەستپێشخەربوو بۆ ئەوەی ئەو گەمارۆیە لەسەر هەرێمی کوردستان بشکێندرێت. حەسەنزادە دەشڵێ: "راستە فەرەنسا لەسەر شەترەنجی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک دەسەڵاتێکی مامناوەندی حیسابە و ئەو رۆڵەی جارانی نەماوە، لەگەڵ ئەوەدا پێگەی لە یەکێتی ئەوروپاو ئەنجوومەنی ئاسایش و زۆر چوارچێوەی دیکەدا گرنگە، بەڵام دەسەڵاتێکی مامناوەندیە بە ئیدعایەکی جیهانی، واتە مەیدانی کایەی دونیایە، بەڵام وەکو دەسەڵاتێکی مامناوەندی رەفتار دەکات".
 
سەبارەت بە رۆڵی فەرەنسا لە دوورخستنەوەی دەستی دەرەکی لە عێراق و چۆنێتی هاوکاریکردنی مستەفا کازمی لەوبارەیەوە، ئاسۆ حەسەنزادە دەڵێ: " حکومەتی مستەفا کازمی بەو ئاکامە گەیشتووە، کە یەکێک لە رێگاکانی چاکسازی ئەوەیە کە دەوڵەت سەروەربێت، ئەو سەروەرییە تەنیا رەهەندی نێوخۆیی نییە بۆ ئەوەی چاکسازی نێوخۆیی بکرێت، بەڵکو رەهەندێکی نێونەتەوەییشی هەیە، لە رووی دەستوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ لە عێراقدا".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـی تۆڕی میدیایی رووداو

رەوتی حیکمە: ڤیتۆ لەسەر هیچ بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکوەزیران نەماوە و مالیکی و سوودانی لە پێشەوەن

ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە رایدەگەیێنێت، لە دوای دانیشتنی دووەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هیچ ڤیتۆیەک لەسەر هیچ بەربژێرێک نەماوە و ئێستا "نووری مالیکی" و "محەممەد شیاع سوودانی" بەربژێری سەرەکین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر لەناو چوارچێوەکەدا نەگەیشتنە رێککەوتن، پەنا بۆ "بەربژێری سازان" دەبەن.