رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، هێڵی ئاسمانیی عێراقی زیاتر لە 40 وێستگەی گەشتی نێوخۆیی و دەرەکی هەیە، هەوڵەکانیشیان بۆ هەڵگرتنی قەدەخەی گەشتکردن بەنێو ئاسمانی ئەورووپادا گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو.
رۆژی یەکشەممە 04-01-2026 مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێڵی ئاسمانیی عێراقی زیاتر لە 40 وێستگەی گەشتی نێوخۆیی و دەرەکی هەیە. گەشتە دەرەکییەکان پەکین، گوانژۆ، کوالالامپور، ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئەنتاڵیا و سەبیحە گۆکچەن دەگرێتەوە، جگە لە زۆربەی فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی عەرەبی، وەکو مەسقەت، قاهیرە، عەممان و چەندین شوێنی دیکە."
سەبارەت بە دۆسیەی قەدەخەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەنێو ئاسمانی ئەورووپادا، مەیسەم سافی روونیکردەوە، "لە چوارچێوەی بەرنامەی (IOSA) گەیشتووینەتە قۆناخی پێشکەوتوو و 81%ی مەرجەکانمان جێبەجێ کردووە. ئێستا لە قۆناخی ئامادەکاریداین بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی (TCO)، کە دەرگا بۆ گەڕانەوەی هێڵە ئاسمانییەکەمان بۆ ئاسمانی ئەورووپا دەکاتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی قەدەخەکە، ئامادەکاری بۆ کردنەوەی چەندین وێستگەی نوێی ناوچەیی و ئەورووپی دەکرێت، چاوەڕێی رێکارەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنین بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە.
بڕیارە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە ساڵی 2026دا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتە جیاوازەکاندا دەستپێبکات، کە کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی یەکێک دەبێت لەوانە.
مەیسەم سافی ئاماژەی بە گەشەپێدانی گەشتی فڕۆکەکانی عێراق کرد و گوتی، "بڕیارە کاروانی سێیەمی فڕۆکەکانی بۆینگ و ئێرباس وەربگیرێن، بەوەش تاوەکو ساڵی 2027 ژمارەی فڕۆکە نوێیەکانمان دەگاتە 31 فڕۆکە،" لەگەڵ کردنەوەی چەندین نووسینگەی نوێی بڕینی بلیت لە پایتەختی وڵاتان و هۆڵی خزمەتگوزاریی تایبەت (VIP) لە چەندین فڕۆکەخانەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ