رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا دەکات لە ماوەیەکی کورتدا دۆسیەی سەرۆکایەتیی کۆمار یەکلا بکرێتەوە و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان گرنگی بەو پێشنیازانە بدەن، کە لە سەردانی ئەم دواییەی شاندەکەیاندا پێشکێشیان کردوون، داواش لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانێتییەکە دەکات ئازاد بن لە بژارەکانیان بۆ دەنگدان، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتن.
چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، ئەندامانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبوونەوە.
لە راگەیێنراوێکدا ئەو هاوپەیمانێتییە گرنگیی رێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان و پابەندبوون پێوەی، دووپاتکردەوە و داوای کردووە، پرسی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ماوەیەکی کورتدا یەکلا بکرێتەوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "گرنگە برایان لە هەرێمی کوردستان گرنگی بەو پێشنیازانە بدەن، کە شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ هەرێمی کوردستان پێشکێشی کردبوون، بە شێوەیەک کە رۆڵ ببینێت لە سازان و کۆتاییهێنان بە دۆخی پەککەوتنەکە".
دووشەممە 2ی شوبات، شاندێکی هاوپەیمانێتییەکە بە بەشداریی محەممەد شیاع سوودانی، هادی عامری و موحسین مەندەلاوی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد کە ئازاد بن لە بژارەکانیان ئەگەر رێککەوتن لەبارەی یەک بەربژێر نەکرا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و دەڵێت: "بەردەوامیی پەککەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگاری سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ناگونجێت".
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تایبەت بووە بە گرژییەکانی ناوچەکە، وەک لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە: "بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک رەتدەکەینەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین ئامادەکاریی زیاتر بکەن و دان بە خۆیاندا بگرن بۆ رێگری لەوەی هیچ پاساوێک بدرێتە دەست بۆ بەئامانجگرتنی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ